نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە 200 هەزار کەس لە سودان هەڵاتوون

نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کە نزیکەی 200 هەزار کەس لە سودان بەهۆی شەڕ و توندوتیژییەوە هەڵاتوون و سەدان هەزار کەسیش لە ناوخۆی وڵاتدا ئاوارە بوون.

ئۆلگا سارادۆ وتەبێژی UN لە ژنێڤ دەڵێت، بەهۆی بەردەوامیی توندوتیژییەکان لە سودان بۆ هەفتەی چوارەم، نزیکەی 200 هەزار کەس ناچاربوون لەو وڵاتە هەڵبێن، رۆژانەش بەردەوام خەڵکی ئەو وڵاتە هەڵدێن.

سارادۆ باسی لەوەکردووە، دۆخی مرۆیی سەخت و گرانە، “ئەوانەی هەڵدێن دەگەنە ناوچە سنوورییە دوورەکان کە خزمەتگوزاری و ژێرخانی لاوازیان هەیە، لە کاتێکدا خەڵکی ئەو ناوچانە لە ئێستاوە بەدەست کەمی خۆراکەوە دەناڵێنن “.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “وەرزی بارانبارینی داهاتوو دۆخەکە قورستر دەکات”.

روونیکردەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا نزیکەی 30 هەزار پەنابەر گەیشتوونەتە چاد و کۆی ژمارەی پەنابەران گەیشتووەتە 60 هەزار پەنابەر، ئاماژەی بەوەشدا کە نزیکەی 90%ی پەنابەران منداڵ و ئافرەتن و بەدەست بەدخۆراکی توندەوە دەناڵێنن.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی بازرگانی: ئەمساڵ باشترین بەرهەمی گەنممان هەیە

بابەتی دواتر

لە رووداوێکی هاتوچۆدا کەسێک گیانیلەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share