قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ئەنجومەنی بازرگانیی ئەمریکا-کوردستان کۆبووەوە

جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە شاندێکی ئەنجومەنی بازرگانیی ئەمریکا-کوردستان بە سەرۆکایەتی دەیڤد تەفوری و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و کوردستان و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێکران.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ لە هەولێر بەڕێوەچوو و هەریەک لە دابان شەدەڵە جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم و بەیان سامی عەبدولڕەحمان نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئەمریکا ئامادەیبوون، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران خواستی هەرێمی کوردستانی دەربڕی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەرێم و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و رایگەیاند، هەموو جۆرە ئاسانکارییەک بۆ کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ئەمریکی دەکرێت کە خواستی وەبەرهێنانیان لە کوردستان هەبێت.

شاندەکەی ئەنجومەنی بازرگانیی ئەمریکا-کوردستان ئامانجی سەردانەکەی بۆ کوردستان روونکردەوە و ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ بەشداریی زیاتر و کاراتر لە وەبەرهێنان لە بوارە جیاوازەکاندا و رایانگەیاند، دەیانەوێت لەڕێگەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان هاوکاربن لە بووژاندنەوە و گەشەپێدانی ئابوریی هەرێمی کوردستاندا، وەك ئەوەی لە راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی سیاسی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کرا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند، هەوڵی جدی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان و تێگەیشتنی باش لەنێو لایەنە سیاسییەکاندا دروست بووە کە بەبێ یەکگرتوویی ناتوانین رووبەڕووی هەموو ئەو تەحەدایانە ببینەوە کە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداش، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە “ئێمە دەمانەوێت کێشەکانمان لەگەڵ بەغداد بە شێوەیەکی ریشەیی و بنەڕەتی چارەسەر بکەین. کاردەکەین بۆ ئەوەی بە زوویی هەردوو یاسای بودجە و یاسای نەوت و گاز پەسەندبکرێت بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدابێت.

بابەتی پێشتر

هەڤاڵ ئەبوبەكر: پێشنیازمان كردووە یەك سەبەتەی دارایی لە هەرێمی كوردستان هەبێت

بابەتی دواتر

پیرترین پادشای بەریتانیا تاجی لەسەرنا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لێزمەباران و بەفر دەبارێت

شەپۆلێکى بارانبارین روو لە تەواوى ناوچە جیاجیاکانى هەرێمی كوردستان دەكات و لە هەندێك ناوچە بەفر دەبارێت. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی…
Total
0
Share