هەدەپە داوادەكات پەرلەمانتارێكی پارتی دەسەڵاتدار داوای لێبوردن بكات

پەرلەمانی توركیا

پارتی دیموكراتی گەلان داوا لە جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار دەكات داوای لێبوردن بكات بەهۆی ڕەتكردنەوەی ڕوداوی “پشكنین بە ڕووتی”ی كچان لە بەندینخانەكانی توركیادا.

پێشتر عومەر فاروق جرجرلی ئۆغلو، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) ڕەخنەی لە دەسەڵاتداراتی توركیا گرت بەهۆی ئەنجام نەدانی هیچ ڕێوشوێنێك دژ بەو بەرپرسانەی لە بنكەكانی دەستبەسەرگرتندا پێشێلكاریان كردووە، ئاماژەی بەوەشكرد نزیكەی 30 ژن ڕوبەڕووی دەستدرێژی و سوكایەتی بوونەتەوە دوای ناچاركردنیان بە خۆڕووتكردنەوە بۆ پشكنین، كە لە بنكەیەكی پۆلیسیی ئۆشاق ڕویداوە.

لە بەرامبەردا، ئۆزلام زنجین، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار وتی، باوەڕناكات ڕوداوی پشكنین بە ڕووتی لە بەندینخانەكاندا كرابێت و، پەرلەمانتارەكەی بە ترساندنی پەرلەمان تۆمەتباركرد.

لێدوانەكەی زنجین نیگەرانی لەنێو پارتی دیموكراتی گەلان دروستكرد، لای خۆیەوە میراڵ دانیش باشتاش، سەرۆكی فراكسیۆنە هەدەپە داوایلێكرد داوای لێبوردن لە جرجرلی ئۆغلو بكات، باشتاش لێدوانەكانی زنجین-ی بە دوور لە ڕاستی و بێ بنەما ناوبرد.

باشتاش ئەوەشی خستەڕوو، ڕوداوی پشكنینەكان لە بەندینخانەكانی وەك (مانیسا، ئەلازیغ، سینجان و بكر كوی) ڕوویداوە و لەڕێی ڕاپۆرتێكی فەرمییەوە نمونەی ڕوداوەكانی ئاشكراكرد.

پێشتر پۆلیسی توركیا هەڵمەتێكی ئەمنی لە 12 شاری سەر بە گەورە شاری ئۆشاق ئەنجامدا و لەمیانەیدا لە 31ی ئابی ڕابردوو 26 خوێندكاری دەستگیركرد، كە زۆینەیان خوێندكاری كۆلێجی پزیشكی بوون، خێزانەكانیان دواتر ڕایانگەیاند كە لەنێو بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی شارەكە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ ڕوبەڕووی خراپ مامەڵەكردن بونەتەوە.

لە پاش ڕەتكردنەوەی ڕوداوەكەش لەلایەن پەرلەمانتارەكەی سەر بە پارتی دەسەڵاتدار، سەدان قوربانی ئەو جۆرە هەڵسوكەوتانە ڤیدیۆی خۆیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكردەوە و تیایدا ئەو سوكایەتییانەیان باسكرد كە لەلایەن كارمەندانی ئاسایشەوە ڕوبەڕوویان كراوەتەوە.

توبا ئۆزدەمیر-ی مامۆستا و یەكێك لەو قوربانییانە نوسیویەتی، “توشی داڕوخانی دەروونی بووم كاتێك داوایان لێكردم هەموو جلەكانم دابكەنم. ئەمە خراپترین ڕۆژی ژیانم بوو”.

بابەتی پێشتر

كازمی "17%"ی بەرنامە حكومییەكەی جێبەجێكردووە

بابەتی دواتر

بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار.. ئەو بۆمبەی بە گیرفانی هاوڵاتییاندا تەقێندرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سەرۆکی پێشووی مۆساد نهێنیی دزەپێکردنی ئەرشیفی دۆسیە ئەتۆمییەکانی ئێران ئاشکرا دەکات

لەیەکەم چاوپێکەوتنی تەلەفیزۆنیدا دوای دوورکەوتنەوەی لە پۆستەکەی سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) وردەکاریی دزەپیکردنی زانیارییە ئەتۆمییەکانی ئێرانی ئاشکراکرد.…
Total
0
Share