ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، مانگ بە روونی دەركەوت و ئەو مسوڵمانانەی مەزهەبی شیعە پەیڕەودەكەن، سبەینێ شەممە دەكەن بە یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزان.
مانگی شەوال، سەرەتا لە قەزای سوق شیوخی پارێزگای زیقاری باشووری عێراق بینرا و دواتر لە ناوچەكانی دیكە دەركەوت، بەوەش سبەینێ یەكەم رۆژی جەژنی شیعە مەزهەبەكانە.
زۆربەی ساڵەكان، یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان و یەكەم رۆژی جەژن لای سوننە و شیعەكان بە جیاوازیی رۆژێك بەڕێدەكرێن، ئەوەی كە باوە سوننەكان لە هەردوو بۆنەكەدا بە رۆژێك پێش پەیڕەوكارانی مەزهەبی شیعە دەكەون.
ئەگەرچی ئەمساڵ لە حاڵەتێكی دەگمەندا پەیڕەوكارانی هەردوو مەزهەبەكە هەمان رۆژیان وەك یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان دیاریكرد، بەڵام لە جەژندا جیاوازییەكە دەركەوتەوە و سوننەكان هەینییان كرد بە جەژن و شیعەكانیش شەممە یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزان بەڕێدەكەن.