مێژووی دیاردەی سەرتاشین

نووسەر و رۆژنامەنووس توانا عوسمان بابەتێكی بەناو نیشانی مێژوو و دیاردەی سەرتاشین بڵاوكردووەتەوە تێیدا بە وردی باس لە مێژووی ئەو دیارە و حاڵەتەكانی لە چەند وڵاتێكدا رووندەكاتەوە و دەڵێت، “تەمەنی سەرو ڕیشتاشین نزیكەی 60 هەزار ساڵە، ئاماژە هەڵكۆڵدراوەكانی سەر دیواری ئەشكەوتەكان “فەرەنسا” پیاوی سەرو ڕیش تاشراومان پیشاندەدەن، سەرو ڕیش بە لەتە بەردی ئۆپسیدیان و سەدەفی تیژی دەریایی تاشراوە”.

دەشڵێت، “دوای دروستبوونی شارستانیەت، لەسەردەمی بابلییەكان و یۆنانی كۆنەوە كەپێنج هەزارساڵێكە بەڵگەی سەرتاشینمان هەیە هەم وەك سزا هەم وەك جیاكاری پەیڕەوكراوە و كۆیلەكان سەریان ئەتاشرا تا لەخاوەنەكانیان جیابكرێنەوە، پیاوە ئایینیەكانی پەرستاگاكانی بابل سەریان دەتاشی تا وەك موخڵسی خودا دەركەون.

نووسەر لە بابەتەكەیدا دەڵێت، “قژ بەشێكی گرنگی رووخسار (شكڵ)ە، جۆری ستایڵەكەی شێوەی مرۆڤ زۆر دەگۆڕێت، بۆیە مرۆڤ وەك بەشێك لەئیرادەی گۆڕانكاریی خۆ بەخۆی مامەڵەی لەگەڵ دەكات، لێسەندنەوەی ئەم ئیرادەیەش بەسەرتاشینی بەزۆر جۆرێكە لەتێكشكاندنی ئیرادەی كەسەكە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، “قژ و ستایڵەكەی گوزارشت لەویستی مرۆڤەكە دەكات، بەشێكە لەكاراكتەرەكە، بۆیە تاشینی زەوتكردنی بەشێكە لەسەربەخۆیی كاراكتەرەكە”.

راشیگەیاندووە، “پیاوە هندۆسییەكان خۆیان سەر دەتاشن تا ملكەچێتیی خۆیان بۆ خودا پیشانبدەن، هەروەها بوزییەكان، ئەم خۆ داماڵینە جۆرێكە لەدەستبەردابوونی كاراكتەرایزی خۆت بۆ خودا، ئەمەش پەڕینەوەی هەیە بۆ ناو ئیسلام هەندێك پیاو دوای حەج و عەمرە سەری خۆیان دەتاشن و تەنانەت لەچككردن و داپۆشینی قژی ئافرەت بە زۆر لەشارستانیەتی ئاشووری و بەشێكە لەئایینەكاندا دەگەڕێتەوە بۆ زەوتكردنی ئازادی ستایلكردنی قژ و ئیرادەی ئازادی ئافرەتان لەلایەن پیاوە ئایينیەكانەوە بەمەبەستی كۆنتڕۆڵكردنیان”.

ئەو نووسەرە وردەكاریی زیاتری لەسەر دیاردەی سەرتاشین خستووەتەڕوو كە لەسەردەمی ئیمپراتۆڕییەكاندا كەلتووری سەرتاشین لەناو سوپادا بڵاوبووەتەوە و ئێستاش ئەم دیاردەیە لەناو زۆر سوپادا باوە، بەشێك سوپاكانی جیهان بە زۆر سەری سەربازەكانیان تاشیووە، هەرچەندە سەرتاشینی سوپا لە شارشتانییەتی میسری كۆندا بۆ پاكوتەمیزی و بەبیانووی ئەسپێی قژبووە، بەڵام مانەوەی ئەم بیانووە لەسەردەمی هاوچەرخدا لاوازە، بۆیە تەفسیرەكە ئەوەیە مەبەست لەسەرتاشینی سوپا ناچاركردنی سەربازە بە گوێڕایەڵی و زەوتكردنی ئیرادەیەتی بۆ ئەوەی ببێت كەرەستەیەكی جەنگی بەدەست فەرماندەكانییەوە”.

نووسەر لە درێژەی نووسینەكەیدا دەڵێت، “سەرتاشین بە زۆر ئازاری جەستەیی نییە، ئاسەوارەكەشی زوو دەڕوا و قژ دێتەوە، بەڵام ئازارێكی دەروونی بەرزی هەیە و برین لە ڕۆحدا بەجێدەهێڵێت، یەكێكە لەسزا كۆنەكانی مرۆڤایەتی و ئێستاش لەزۆر كۆمەڵگەدا ماوە بەنموونە بەڕازیل و هیندستان و ئەمەی ئەم ماوەیە لە كوردستان دەبینێرێت نیشانەی مانەوەی نەرێت و بەها كۆن و نائینسانیيەكانە لەهەست و نەستی بەشێك لە مرۆڤی ئێمەدا”.

بابەتی پێشتر

تەقینەوەیەك لە كەركوك روویدا

بابەتی دواتر

دوای چوار ساڵ بیری هاتەوە كە نمایشی چوونە ناو خەڵكی نەكردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share