بانكی ناوەندیی عێراق لە یەكشەممەی داهاتووەوە نرخی 100 دۆلاری ئەمریكی بەرزدەكاتەوە بۆ 145 هەزار دینار.
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكرایكرد، “بانكی ناوەندیی عێراق بڕیاریداوە ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو نرخی 100 دۆلاری ئەمریكی بەرزبكاتەوە بۆ 145 هەزار دینار.”
عەبدلهادی سەعداوی ئەندامی لیژنەكە ڕایگەیاند، “مستەفا غالب، پارێزگاری بانكی ناوەندی لەكاتی بانگێشتكردنی بۆ پەرلەمان بە لیژنەی دارایی ڕاگەیاندووە، لە ڕۆژی یەكشەممەی داهاتووەوە بە فەرمیی نرخی دینار لە بەرانبەر دۆلاردا دادەبەزێنێت و هەر 100 دۆلارێك بە 145 هەزار دینار دەبێت.”
وتیشی، “لیژنەی دارایی ناڕەزایی بەرامبەر بەو بڕیارە دەربڕی چونكە كاریگەریی خراپی لەسەر هاوڵاتییان دەبێت، بەڵام پارێزگاری بانكی ناوەندی پێیڕاگەیاندین كە ئامانج لە بڕیارەكە، دابینكردنی پارەی زیاترە بۆ ئەوەی بتوانن موچە دابین بكەن.”