مەڵبەندی هەولێری یەكێتی رایدەگەیەنێت، خاکفرۆش ئەوەیە کە رێگەی خۆشکردووە جەندرمە رۆژانە هاوڵاتییان شەهید بکات و دارستانەکان ببڕێتەوە و ژینگەی کوردستان وێران بکات.
مەڵبەندی 3ی هەولێری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان راگەیەندراوێكی لەژێر ناوی (داوەتکەرانی جەندرمە خاکفرۆشن) بڵاوكردەوە و رایگەیاند، “خاکفرۆش ئەوانەن کە زیاتر لە سەد بنکە و بارەگا و قەرەقولی جەندرمەی توركییان هێناوەتە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆك. خاکفرۆش ئەوەیە کە رێگەی خۆشکردووە جەندرمە رۆژانە هاوڵاتییان شەهید بکات و دارستانەکانیش ببڕێتەوە و ژینگەی کوردستانیش وێران بکات”.
دەشڵێت، قسە و هەڵسوکەوتەکانی سەرۆکی کابینەی نۆ، لەڕووی سیاسی و ئابوری و دیپلۆماسی و تەنانەت لە کاری پێکەوەییشدا، هەرێمی کوردستانی بەرەو تونێلێکی تاریك پەلکێشکردووە.
ئەوەی ئێستا لە هەرێمدا روودەدات، پێشێلکردنێکی تەواوی ئاکاری دەوڵەتداری هاوکێشە تیۆریی و سیاسیەکانیشە، وەك ئەوەی لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە و دەشپرسێت، حوکمڕانە تاکڕەوەکەی هەرێم، هەموو کات لەبەردەم قاپی بەغداد کەوتووە دەبێ شانازی بەچییەوە بکات؟
دووپاتیشیدەكاتەوە، کارەکانی، جگە لە تێکدان و نەهێشتنی تایبەتمەندیە سیاسییەکەی هەرێمی کوردستان كە لە عێراق هەیبوو، چی دیکەی لە هەگبە بەتاڵەکەیدا ماوە بۆ فڕێدان؟ لەسەر ئاستی دنیاشدا، خەریکە هەموو دۆستە پشتیوانەکانیش دووردەخاتەوە. لەسەر ئاستی ناوخۆشدا، تەبایی و یەکڕیزییەکەی بەرەو هەڵدێران بردووە، خەریکە هەموو پەیوەندییەکان سفر دەکاتەوە.
لە كۆتایشیدا مەڵبەندی 3ی هەولێری یەكێتی ئاماژەدەدات، (مەسرور بارزانی) لەباری ئابوریشەوە هەموو سەرچاوەکانی داهات و قوتی خەڵکی کوردستان و مووچەی مامۆستا و پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیسی گەیاندۆتە بنبەستێکی تاریك.