قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، لە ساڵڕۆژی ئەنفالدا پەیامێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، “رێزگرتن لە ساڵڕۆژی ئەنفالكراوان واتە كۆتاییهێنان بە هەرجۆرە ستەم و جیاوازی دانانێك لە حەقی مرۆڤدا”.
دەقی پەیامەكەی قوباد تاڵەبانی..
14ی 4 تەنها رۆژێك نییە بۆ یادكردن و رێزگرتن لە 182 هەزار مرۆڤی بێتاوان كە بەپێی پلانێكی پێشوەختە لەلایەن رژێمی بەعسی رووخاوەوە جینۆسایدكران، ئەم رۆژە تەنها بۆنەیەك نییە بۆ كەسوكاری ئەنفالكراوان، بەڵكو بۆنەیەكی گەورەی نیشتمانییە بۆ گەلی كورد، چونكە پڕۆسەی ئەنفال پڕۆسەیەك بوو بۆ سڕینەوە و پاكتاوكردنی هەموو گەلی كورد، ئەوانەی بەر ئەنفال كەوتن بوونە شایەتی تاوان و ئەوانەشی رزگاربوون بە ڕێكەوت رزگاربوون.
لە راستیدا 14ی 4ی بۆنەیەكە بۆ بیرهێنانەوەی هەموو ئەو كوردانەی بێتاوان بوونە قوربانی دەستی رژێمی ستەمكارە یەك لە دوای یەكەكان، بۆنەیەكە بۆ بیركردنەوە لە قەدەری گەلی كورد كە بەردەوام بووەتە قوربانی رژێمە ستەمكارەكان و بۆنەیەكیشە بۆ بیركردنەوە لە كۆتاییهێنان بە هەر جۆرە ستەم و چەوساندنەوەیەكی مرۆڤ لە كوردستان و عێراقدا جا لەژێر هەر ناو و نیشانێكدابێت.
ناتوانین رێز لە یادی ئەنفالكراوان بگرین هەتا هاوسۆز نەبین لەگەڵ هەموو ستەملێكراوان و رێزگرتن لە یادی ئەنفالكراوان واتە كۆتاییهێنان بە هەرجۆرە ستەم و جیاوازیدانانێك لە حەقی مرۆڤدا و واتە قەرەبووكردنەوەی مادی و مەعنەوی كەسوكاری ئەنفالكراوان.
لەم یادەدا بە پێویستی دەزانم بیری بهێنمەوە ئەركی سەرشانی حكومەتی عێراقە قەرەبووی ماددیی و مەعنەوی كەسوكاری ئەنفالكراوان و گەلی كورد بكاتەوە و داوا لە هێزە سیاسییەكانی كوردستان و نوێنەرانی كورد لە بەغداد و بە تایبەتیش نوێنەرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەم بە هەموو توانایانەوە كار بكەن بۆ قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری ئەنفالكراوان و پێویستە ساڵانە لە یاسای بودجەی عێراقدا بەشێك بۆ قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری ئەنفالكراوان و ناوچە ئەنفالكراوەكان تەرخانبكرێت.
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران