یەکەمین گیانلەدەستدانی مرۆڤ بە گۆڕاوێکی نوێی ئەنفلوەنزای باڵندە تۆمارکرا

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، ژنێک لە چین لە ئەنجامی تووشبوون بە ئەنفلوەنزای باڵندە جۆری H3N8 (H3N8) گیانیلەدەستداوە کە ڤایرۆسێکە لە ساڵی 2002ەوە بڵاوبووەتەوە و پێشتر هیچ حاڵەتێکی مردنی نەبووە.

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، ژنێکی چینی بووبە یەکەم کەس لە جیهاندا بەهۆی گۆڕاوێک لە ئەنفلوەنزای باڵندەوە گیانلەدەستبدات کە حاڵەتێکی دەگمەنە و پێشتر تۆمارنەکراوە، بەڵام پێناچێت ئەو جۆرە لە نێو خەڵکدا بڵاوبووبێتەوە.

رێکخراوەکە دەڵێت، ئەو ژنە تەمەن 56 ساڵە خەڵکی پارێزگای گوانگدۆنگە، سێیەم حاڵەتی ناسراوە کە تووشی ئەنفلۆنزای H3N8 بووە کە گۆڕاوێکی ئەنفلوەنزای باڵندەیە.

ئەو ژنە لە 22ی شوبات تووشی ئەو نەخۆشییە بووبوو و لە سێی مانگی ئازاردا گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەری هەوکردنی سییەکان، هەروەها لە 16ی ئازاردا گیانی لەدەستداوە، بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی.

رێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە “نەخۆشەکە پێشتر نەخۆشیی درێژخایەنی هەبووە و هەروەها بەرکەوتنی لەگەڵ پەلەوەرە زیندووەکان هەبووە، پێشتریش باڵندەی کێوی لە دەوروبەری ماڵەکەیدا بوون”.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، “هیچ کەسێک لەوانەی بەرکەوتەی ئەم حاڵەتە بوون تووشی هەوکردن یان نیشانەکانی نەخۆشییەکە نەبوون”.

رێکخراوەکە دووپاتیکردەوە کە ئەو داتایانەی لەبەردەستدان دەریانخستووە کە ئەم ڤایرۆسە لەنێوان مرۆڤدا ناگوازرێتەوە، هەربۆیە “مەترسیی بڵاوبوونەوەی لەسەر ئاستی نیشتمانی و ناوچەیی و جیهانی بە کەم دادەنرێت”. بەڵام جەختی لەسەر پێویستیی چاودێریی بەردەوام کردەوە بەهۆی گۆڕانکارییە هەمیشەییەکانەوە لە ڤایرۆسەکان.

 

بابەتی پێشتر

کەشناسیی هەرێم: لە کاتەکانی ئێوارەدا تاوەبارانی بەهێز سلێمانی دەگرێتەوە

بابەتی دواتر

رێنمایی تایبەت بە خۆپاراستن لە هەورەبروسكە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share