لە كۆشكی سەلام لە بەغداد شاندەكەی حكومەتی هەرێم لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق و بە ئامادەبوونی فراكسیۆنە كوردییەكان كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا پرسی ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد تاووتوێكرا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی كانونی یەكەم بەرھەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لە بەغداد پێشوازی لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ھەرێم بۆ بەغداد و بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردییەکان.
ئاماژە بەوەشكراوە، سەبارەت بە دوایین گۆڕانکارییەکانی دانوستانی نێوان شاندی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ گفتوگۆکرا.
سەرۆكایەتیی كۆمار ئەوەشی خستوەتەڕوو، “لە دیدارەکەدا بە گرنگییەوە جەختکرایەوە لە گەیشتن بە ڕێگاچارەی گونجاو و بنەڕەتی بۆ کۆتایی ھێنان بە کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوو حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا و پاراستنی بژێویی ژیانی موچەخۆران و ھاوڵاتییانی ھەرێمی کوردستان وەک سەرجەم ھاوڵاتییانی دیکەی عێراق بێ جیاوازی”.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا بەرھەم ساڵح جەختیکردەوە لە “گرنگی دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی و گشتگیر بۆ کێشەکانی خەڵک و کۆتایی ھێنان بە قەیرانی موچەی موچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان و دابینکردنی شایستە داراییەکان بەپێی دەستوور بۆ ھەموو پێکھاتە و ناوچەکان دوور لە ململانێی سیاسی و کێشمەکێش”.