بانکی ناوەندی لیژنەیەکی دیکەی وردبینی لەسەر بانکی کوردستان پێکھێنا

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران رایدەگەیەنێت، بانکی ناوەندیی عێراق لیژنەیەکی دیکەی وردبینی لەسەر بانکی کوردستان پێکھێناوە.

سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، دوای نوسراوێكی بە ژمارە (537) لە (2023/4/3) كە ئاراستەی بانکی ناوەندی عێراقی کردووە، لەسەر چەند بابەتێکی گرنگی پەیوەست بەبانکی کوردستان، بانکەكە بە نوسراوی ژمارە (9706) لە (2023/4/3) ئاگاداریان كردووەتەوە كە لیژنەی وردبینی لەسەر بانکی کوردستان پێکھێناوە.

“کەرتی بانکی لە عێراق لە رابردوودا سەرچاوەی سەرەکیی سپیکردنەوەی پارە بووە و زیانی بە ئابوریی وڵات گەیاندووە” ئەو پەرلەمانتارە وا دەڵێت.

ئەوەشی خستەڕوو، بانکی ناوەندی ماوەیەکە دەستی بە چاودێریی زیاتر و لێپرسینەوە لەسەر کارە نایاساییەکانی چەندین بانک لە عێراق و ھەرێمی کوردستان كردووە.

هەفتەی رابردووش بانکی ناوەندی بڕیاریدا بانکی کوردستان قەدەغەبکات لە دەرکردنی (خطاب ضمان) لە رێگەی سەکۆی ئەلیکترۆنی و بەشداریكردن لەو پەنجەرەیەدا و بێبەشی دەکات لە پێدانی ئەو قەرزانەی كە بانکی ناوەندی دەیاندات.

بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، بانکی ناوەندی لێکۆڵینەوە لەگەڵ بانکی کوردستان و کەسی بەرپرسیار لەسەر شاردنەوەی پارەیەکی کۆبووەوە لە هالک بانکی تورکی دەستپێدەکات، کە پێویستە لە ماوەی مانگێکدا ئەنجامەکەی دەربچێت و هەموو ئەو راوێژکارانەش دەردەکرێن کە بەبێ رەزامەندیی بانکی ناوەندی هێنراونەتە بانکی کوردستان.

بابەتی پێشتر

لە هەولێر هێزێکی زۆری ئەمنی دەوری ئۆفیسی کەنەکە-یان داوە

بابەتی دواتر

وردەکاری بۆکس هاویشتنەکەى ڤالڤێردی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share