شاندی باڵای حكومەتی هەرێم لە بەغداد ماونەتەوە و وتەبێژی جێگری سەرۆكوەزیرانیش دەڵێت، تەنها دوو ئەندامی شاندەكە گەڕاونەتەوە هەرێم، ئەوانیش هەر ئەمڕۆ جارێكی دیكە دەگەڕێنەوە بەغداد.
سەمیر هەورامی، وتەبێژی فەرمی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی كانونی یەكەم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، دوو ئەندامی شاندی باڵای حكومەتی ھەرێم لە بەغدادەوە گەڕاونەتەوە بۆ ھەولێر بەمەبەستی ڕاییكردنی ھەندێك لە كاروبارەی ئیداری گشتی وەزارەتەکانیان، بڕیاریشە ئێوارەی ئەمڕۆ پاش جێبەجێ كردنی كارەكانیان جارێكی دیكە بگەڕێنەوە بۆ بەغداد.
وتیشی، “وەفدی باڵای حكومەتی ھەرێم هێشتا لە بەغدادن و گفتوگۆكانی ھەرێم و بەغداد كۆتایی نەھاتوون و بەردەوامن”.
شاندەكە چوارشەممەی ڕابردوو 9ی كانونی یەكەم بەرەو بەغداد بەڕێكەوت، مەبەست لە ناردنی تاوتوێكردنی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 و گەیاندنی پەیامی حكومەتی هەرێمە تایبەت بە پابەندبوون بە یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی (قەرزكردن) كە لە تشرینی دووەمی ڕابردوو لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەندكرا و بەپێی خاڵی (7)ی یاساكە پێویستە هەرێم بەشێك لە نەوت و داهاتە نانەوتییەكانی ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ و حكومەتی ناوەند بكات، بەر لە وەرگرتنی هەر پشكێك لە بودجەی گشتی.
شاندەكە بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی لەماوەی هەشت ڕۆژی ڕابردوودا لە بەغداد زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵا و كەسی یەكەم و بڕیاردەرانی لایەنە سیاسییەكان ئەنجامدا.
دوا كۆبوونەوەیان پاش نیوەڕۆی دوێنێ لە هۆڵی دەستوریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبوونی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و بە بەشداری جێگرانی سەرۆك و سەرۆكی لیژنە پەیوەندیدارەكان ئەنجامدرا.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نوسینگەكەی، لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ناوەڕۆکی دانوستانەکانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵی ڕوونکردەوە و وتی، “حکومەتی هەرێم پابەندە بە یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی و ئامادەیە ئەرکەکانی خۆی بەپێی یاساکە جێبەجێ بکات”، لە بەرامبەریشدا داوایكرد پەرلەمان ھاوكار بێت بۆ جێبەجێكردنی یاساكە و دابینكردنی ماف و شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان.
لە دوای وتەکانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە سەرنج و تێبینییەکانی خۆیان لەبارەی دانوستانەکانی هەرێم و بەغداد پێشكەشكرد و لەمبارەیەوە گفتوگۆ و بیروڕا ئاڵوگۆڕكران.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا محەمەد حەلبوسی وتی، “پەرلەمان پاڵپشتی لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد دەکات، ئەو چارەسەرەش خۆی لە پابەندبوونی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵی بە دەقی یاساکان دەبینێتەوە” وەك ئەوەی لە ڕاگەیەنراوی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی-دا هاتووە.