ڕۆژنامەیەکی بەریتانی: 3.2 ملیۆن منداڵی عێراقی لە خوێندن بێبەشن

ڕۆژنامەی میدڵ ئیست مۆنیتەری بەریتانی، لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە پشتگوێخستنی خوێندن لە عێراق منداڵانی ئاوارەی ناو وڵاتەکەیان تێپەڕاندووە، خوێندن لە عێراق بەرەو بێسەروبەری و کارەسات دەڕوات، پرۆسەکە بەرەو شکستهێنان دەڕوات و ئێستا لە عێراقدا 3.2 ملیۆن منداڵ کە لەتەمەنی خوێندندان لە پرۆسەکە بێبەشن.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، “ساڵانێک جەنگ و سزاکان و داگیرکاریی عەسکەری هۆکاربوون لە بونیادنانی کەرتی خوێندن و وێرانبوونی یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی کۆمەڵگا کە خوێندنە، هەروەها ڕۆڵێکی لاوازی حکومەت لە وەبەرهێنان لەم کەرتەدا، بەردەوامی ناکۆکییە سیاسییەکان و توندوتیژی و ئاوارە بوونی بە کۆمەڵی خێزانەکان هۆکاری دیکەن لە داڕمانی ئەم خزمەتگوزارییە گرنگە بۆ داهاتووی وڵات”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئێستا 3.2 ملیۆن منداڵ کە لە تەمەنی خوێندندان لە عێراق لە پرۆسەی خوێندن بێبەشن کە دەکەونە ناوچە زەرەرمەندەکانی جەنگ زیاتر %90ی منداڵان لە خوێندنگەکان دورخراونەتەوە، هەروەها منداڵان ئەو توێژەن کە زۆرترین مەترسیی خراپ بەکارهێنانیان لەسەرە، لەناویشیاندا هاوسەرگیریی پێشوەخت کە ڕەگەزی مێ زۆرترین زەرەر مەندی ئەم دیاردەیەن، هەروەها کارکردن بە منداڵان و بەسەربازکردنیان لە ماوەکانی پێشوودا لەلایەن گروپە چەکدارییەکانەوە”.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، “لەو ناوچانەی جەنگ و ململانییان تێدابووە، لەهەر دوو قوتابخانەیەک یەکێکیان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ زەرەمەندبوون، ئەو قەتابخانانەشی کە ماونەتەوە بەشێوەی نۆرە دەوامی تێدا دەکرێت، هەروەها ژمارەی مامۆستایان لەسەرجەم ئاستەکانی خوێندندا کەم بووەتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە بودجەی نیشتمانی دابەزینێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە لەم ساڵانەی دوایدا بەجۆرێک کەمتر %6ی بۆ کەرتی خوێندن تەرخانکراوە”.

ڕۆژنامەکەش دەڵێت، “لە ماوەی هەژدە ساڵی ڕابردوودا، عێراق هەزاران مامۆستا و خوێندکاری زانستی و پسپۆڕی لەدەستداوە بەهۆی ئەوەی هاوڕێکانیان کوژراون، ئەمەش شوێنەواری وێرانکەری لەسەر کەرتی پەروەردە دروستکردووە”.

لە راپۆرتەکەدا ئاماری بەشێک لە کوشتن و ڕفاندنی کەسانی پسپۆڕی بوارە جیا جیاکان خراوەتەڕوو دەڵێت، “830 کەس کوژراون، لەوانە 380 ئەکادیمی و مامۆستای زانکۆ کە دکتۆرایان هەبووە، 210 پارێزەر و دادوەر، 243 ڕۆژنامەنوس و ڕاگەیاندنکار”.

ئەو ڕۆژنامەیە باسیلەوەشکردووە، “داخستنی قوتابخانەکان بەهۆی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری لەسەر دەیان ملیۆن خوێندکار لەسەرتاسەری وڵاتدا دروستکردووە کە تەمەنیان لەنێوان 6 بۆ 17 ساڵدایە، هەروەها هۆکاریشبووە بۆ دورکەوتنەوەی ملیۆنان خوێندکار لە خوێندن و فەوتانی ساڵی خوێندنیان”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕاپۆرتی ئەنجومەنی نەرویجی بۆ پەنابەران ڕایگەیاندووە حکومەتی عێراق پێویستە ڕێکاری زۆر بەپەلە بگرێتەبەر، لەوانە زیادکردنی ژمارەی مامۆستایان و ڕاهێنەران لە قوتابخانە، هەروەها چاوپۆشیکردن لە منداڵان بۆ ناسنامە و بەڵگە پشتپێبەستراوەکان بۆ وەرگرتنیان لە پرۆسەی خوێندن بەمەبەستی کەمکردنەوەی قەیرانی پەروەردە.

 

 

بابەتی پێشتر

مۆرینیۆ دوای یاری لوتکە چی بە کلۆپ وت؟

بابەتی دواتر

دواى 20 ساڵ بۆى دەرکەوت ژنەکەى پیاوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share