راوێژکارێکی پێشووی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، مانگی رابردوو مانگێکی خراپ بوو بۆ هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیارەکانی دادگای ناوبژیوانی پاریس، دەشڵێت لە داهاتوودا مەسرور بارزانی رووبەڕووی دادگاییکردنی دیکە دەبێتەوە.
مایكڵ رۆبن راوێژکاری پێشووی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە وتارێکدا نووسیویەتی، “مانگی رابردوو مانگێکی خراپ بوو بۆ کوردستانی عێراق، سەرەتا دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی سەر بە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی سزایەکی بە بەهای 1.65 ملیار دۆلار بەسەر برازای مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتیدا سەپاند، جگە لەوەش لە بەرژەوەندی عێراق بڕیارێکی بە بەهای ملیاران دۆلار دەرکرد دژی تورکیا، ئەویش لە رێی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، چەند پارێزەرێکی عێراقی پێیانوتم، یەکێک لە هۆکارەکانی بڕیارەکە ئەوەیە کە مەسعود بارزانی ئامادەنەبووە گرێبەستی مامەڵە تایبەتەکانی بداتە دادگای ناوبژیوان”.
لە بەشێکی دیکەشدا باسی لەوەکردووە، “بۆ مەسرور بارزانی… داهاتوو خراپترە، مەسرور رووبەڕووی داوای یاسایی دیکە دەبێتەوە لە ئەمریکا، بەهۆی ئەوەی تۆمەتی بوونی پەیوەندیی هەڵبەستووە لەنێوان رۆژنامەنووسی ئەمریکی زاک کۆپلین و شنیار ئەنوەر، لە کاتێکدا کۆپلین و شنیار هەرگیز یەکتریان نەبینیوە، بەڵام وا دیارە مەسرور هەوڵی داوە هەم سەرنج لەسەر راپۆرتەکەی کۆپلین لابدات و هەم شەرعیەتیان لێ بسەنێتەوە”.
دەشڵێت، “ئەوەی لە کۆمەڵگای خێڵەکیدا دەڕوات، لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی ناڕوات، بەڵکو متمانەی حکومەتی کوردی دادەڕمێنێت، لە هەفتەی رابردوودا، مەسرور هێرشێکی گشتی بۆ سەر کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر دەستپێکرد بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو رەخنانەی لە راپۆرتی ساڵانەی مافی مرۆڤی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە، رەنگە سەرکردەیەکی کامڵ ئەو نیگەرانیەی چارەسەر بکردبا یان ئاماژەی بە هەڵەی راستەقینە بکردبا، بەڵام لەبری ئەوە مەسرور کونسوڵخانەکەی بە بڵاوکردنەوەی هاوڕەگەزخوازی و چەواشەکاریی تۆمەتبارکرد، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا چاوەڕێیە ئەمریکا بەردەوام بێت لە دابینکردنی بودجەی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە”.
مایکڵ رۆبن لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، “وینسرۆپ رۆجەرس، نوسەری ئەمریکی کە دانیشتووی کوردستانی عێراقە و راپۆرتەکەی لە فۆرین پۆڵسی بڵاوبوەتەوە راست دەکات، ماڵە کارتۆنییەکەی کوردستانی عێراق دادەڕمێت، تۆمەتی هاوڕەگەزخوازی لەوانەیە لەلای ئەوان ئاسان بێت، بەڵام عەقڵیەتی ناوخۆیی ئەوان وادەکات هەموو خێزانی بارزانی لەسەر شانۆی جیهانیی وەک گەمژەیەک دەرکەون”.