ئاسۆ مامەند: كورد لە كەركوك زیانی زۆری پێدەگات

شاری كەركوك

كارگێڕێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی رایدەگەیەنێت، لایەنێك بەرژەوەندییەكانی كوردی كردە قوربانیی بەرژەوەندییەكانی خۆی و بەهۆیەوە كورد لە كەركوك زیانی زۆری پێدەگات.

ئاسۆ مامەند، کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، بەداخەوە جارێكى ديكە لايەنێك بەرژەوەندييەكانى دەنگدەرانى كوردى لە كەركوك كردە قوربانیى بەرژەوەندييەكانى خۆى و، یاساى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکاکانیان تێپەڕاند.

ئاسۆ مامەند دەشڵێت، بە تێپەڕاندنی یاساكە بەو جۆرە “نەتەوەی کورد لە کەرکوک زیانی زۆری پێدەگات”.

سەنتەرى هەڵبژاردنى کەرکوک-سەڵاحەدینى یەكێتی راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، یاسای هەڵبژاردنی هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان ناحەقیى زۆرى تێدایە دژى نەتەوەى کورد لە پارێزگاى کەرکوک بەمجۆرە:

1- ئەم ماددە پەسەندکراوە هەمان ئەو ماددەیە نییە کە دوو رۆژ لەمەوبەر بە رەزامەندیى هەموو پێکهاتەکان ئامادەکرا و رەوانەى دانیشتنى پەرلەمان کرا، بەڵام بەهۆى ئەنجامنەدانى دانیشتنەکە دەنگى لەسەر نەدرا.

2- راستە لە یاساکەدا سەرژمێریى (1957) کراوەتە یەکێک لە بنەماکانى تۆمارى دەنگدەران لە کەرکوک، بەڵام ئەوەى جێگەى مەترسییە لەسەر ئەم بنەمایە کە لە مادەیەکى پێشووترى یاساکەدا هاتووە کە هەر پارێزگایەک بە سنوورى ئیداریى ئێستاى بازنەیەکى هەڵبژاردنە، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت راستە سەرژمێرى (1957) بنەمایە، بەڵام بە سنوورى ئێستاى کەرکوک بەمەش دەنگدەرانى رەسەنى کەرکوک لە قەزاکانى: (چەمچەماڵ، کەلار، کفرى و خورماتوو) کە لە ساڵى (1957) سەر بە ئیدارەى کەرکوک بوونە دەکەونە ژێر مەترسى سڕینەوە! سەبارەت بە زیادکردنى ناحیەى سەرگەڕان لەسەر داواى فراکسیۆنى یەکێتى زیادکرا.

3- زیادکردنى بڕگەیەکى مەترسیدار بۆ ماددەکە کە لە دوا ساتەکانى دەنگدان زیادکراوە، مافى دەنگدان دەدات بەو کەسانەى کە لە پێش ساڵى (2003)وە فۆڕمى خۆراکیان لە کەرکوک بووە، بنەماى سەرژمێرى ساڵى (1957) بەتاڵ دەکاتەوە، بەوەش ئەو عەرەبە هاوردانەى کە لە پێش ساڵى (2003)وە لە کەرکوک بوونە دەتوانن دەنگبدەن، ئەوەش پێچەوانەى بنەماى سەرژمێرى ساڵى (1957) کە لە کۆبوونەوەى سەرۆک و جێگرى پەرلەمان و سەرۆکى فراکسیۆنەکان کە شەوى رابردوو پەسەندکرا. ئەم بڕگەیەش بەبێ رەزامەندى فراکسیۆنى یەکێتیى لە دوا ساتەکاندا زیادکرا و دواتر دەنگى لەسەردرا!

4- جێگیرکردنى ئەم بڕگەیەى پێش ساڵى (2003) لە بەرژەوەندیى عەرەبى هاوردەیە لەسەر حیسابى ئەو دەنگدەرە کوردانەى کە بەهەر هۆکارێک فۆڕمى خۆراکیان کەرکوک نەبووە و خەڵکى ئەو شارۆچکانەن کە لە ساڵى (1957) سەر بە کەرکوک بوونە.

5- راستییەک هەیە کە پێویستە راى گشتى بیزانن کە فراکسیۆنى یەکێتیى بەشداریان لە دانیشتنى پەرلەماندا نەکرد بۆ ئەوەى نیساب تەواو نەبێت، بەڵام دواتر لایەنەکانى دیکە نیسابیان تەواو کرد چونکە پێشتر ژێر بە ژێر رێککەوتنیان لەسەر تێپەڕاندنى یاساکەدا کردبوو..! بەڵام دواتر بە ناچارى فراکسیۆنى یەکێتیى بەشدارى کۆبوونەوەکەى کرد بۆ ئەوەى بتوانێت بەرگرى لە خواست و مافەکانى دەنگدەرانى کوردى کەرکوک بکات.

6- جێبەجێکردنى ئەم یاسایە هەڕەشە لەسەر ژمارەیەکى دیارى دەنگدەرى کوردى کەرکوک دروستدەکات و بە ناحەق ناوەکانیان دەخاتە ژێر مەترسى سڕینەوە!

7- لەبەر ئەم هۆکارانە و ناڕوونى و نادادپەروەرى ئەم بڕگانە، فراکسیۆنى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان دەنگى بەم ماددەیە و کۆى یاساکە نەداوە، لە هەمان کاتدا دەنگدەرانى کوردى کەرکوک دڵنیادەکەینەوە کە هەموو رێوشوێنە یاسایى و دەستووری و سیاسییەکان دەگرینەبەر چ لە ناو ئەو لیژنەیەى کە بڕیارە دروستدەکرێت، چ لە دەرەوەى لیژنەکە لە پێناو بەرگریگردن لە خواست و مافە رەواکانى دەنگدەرانى نەتەوەى کورد لە کەرکوک.

8- بە داخەوە روون بووەوە کە لایەنێکى سیاسى بەرگرى لەم مادەیە دەکات و کەرکوک خەڵکەکەى لە چوارچێوەى (سەفقەیەک)دا کرانە قوربانى دوو کورسى کۆتاى مەسیحی و زیادکردنى دەنگى حزبەکەى لە موسڵ لەسەر حیسابى دەنگدەرانى کوردى کەرکوک! لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە ئەو ماددەیە وەکو دەستکەوت هەژمار بکرێت!!

9- تێپەڕاندنى یاساکە بەم شێوەیە، پێچەوانەى دەستوور و مادەى پێشووترى (35)ى یاساى هەڵبژاردنى پارێزگاکانە کە لە لایەن دادگاى باڵاى فیدراڵییەوە هەڵوەشێندرایەوە.

بابەتی پێشتر

وەزیری دارایی: چاوەڕوانین كێشەی نەوتی هەرێم چارەسەربكرێت

بابەتی دواتر

بلومبێرگ: هەرێم و ناوەند نەگەیشتنە رێككەوتن

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئاگادارییەك بۆ هاوڵاتییان

دەستەی وەبەرهێنان بڵاویكردووەتەوە، بەھۆی داواكارییەكی زۆری هاوڵاتییانەوە لە دوو ڕۆژی ڕابردوو كار لەسەر فراوانكردن و خێراكردنی سیستمی پڕكردنەوەی…
Total
0
Share