مژدەیەکی خۆش بۆ جیهان لەبارەی “بۆمبی ژمارەی دانیشتووانەوە”

مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو ژمارەی دانیشتووانی جیهان هەشت ملیاری تێپەڕاند، نەتەوە یەکگرتووەکانیش پێشبینی دەکات تا ناوەڕاستی ئەم سەدەیە بگاتە نزیکەی 10 ملیار کەس، بەڵام لێکۆڵینەوەیەکی نوێ گەیشتە ئەو ئەنجامەی زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان بەوجۆرە نییە.

توێژینەوەکە کە لەلایەن دامەزراوەی Earth4All Foundation ئەنجامدراوە ئاماژە بەوە دەکات کە رەنگە ژمارەی دانیشتووانی جیهان لە ساڵی 2050دا بگاتە کەمتر لە نۆ ملیار کەس و دواتر دەست بە دابەزین بکات، ئەمەش بەو مانایەیە کە “ژمارەی دانیشتووان بۆمبێکە کە لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا باسی لێوەکرا رەنگە هەرگیز نەتەقێتەوە”، بەپێی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی .

بەپێی لێکۆڵینەوەکە ژمارەی دانیشتووانی جیهان لە ساڵی 2050دا دەگاتە لوتکەی 8.6 ملیار کەس، دواتر تا ساڵی 2100 بۆ 7 ملیار کەس دادەبەزێت، ئەگەر رێکارەکانی ئێستا بەردەوام بن.

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی دەڵێت، “مژدەیەکی خۆشە” بۆ جیهان، بەو پێیەی هەرکاتێک هەڵاوسانی دیمۆگرافی کەمبووەوە، فشارەکان لەسەر سروشت و کەشوهەوا دەست بە کەمبوونەوە دەکەن، لەگەڵ کەمبوونەوەی ئەو گرژییە کۆمەڵایەتی و سیاسییانەی پەیوەستن بە زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان.

نووسەرى توێژینەوەکە، بن کالیگارى، رایگەیاندووە، دۆزینەوەکان گەشبینانەن و دەڵێت، “ئەمە بەڵگەمان پێدەدات بۆ ئەوەی باوەڕمان بەوە هەبێت کە بۆمبی دانیشتووان ناتەقێتەوە”.

بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد، “هێشتا لە روانگەی ژینگەییەوە رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبینەوە، پێویستمان بە هەوڵێکی زۆرە بۆ رووبەڕووبوونەوەی مۆدێلی گەشەپێدانی ئێستای زیادەڕۆیی لە بەکاربردن و زیادە بەرهەمهێنان”.

توێژینەوەکانی پێشووتر وێنەیەکی خراپیان بۆ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی زەوی کردبوو، ساڵی رابردوو نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندەی کردبوو کە تا ناوەڕاستی سەدە ژمارەی دانیشتووانی جیهان دەگاتە 9.7 ملیار کەس و دوای ئەوە بۆ چەند دەیەیەک بەردەوام دەبێت لە بەرزبوونەوە.

 

 

بابەتی پێشتر

بەمنزیكانە وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سعودیە كۆدەبنەوە

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی باڵای فەتوا بڕی زەکات و سەرفیترەی دیاریکرد

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئۆلبرایت كۆچی دواییكرد

مادلین ئۆلبرایت وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریكا لە تەمەنی 84 ساڵیدا كۆچی دواییكرد دوای ململانێ لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە، وەك…
Total
0
Share