ئەدای حكومەتی هەرێم لە سەنگی مەحەكی موچەخۆران و پەرلەمانتاراندا

ساڵی 2020 بەرەو كۆتایی دەچێت، خراپی دۆخی تەندروستیی هەرێم و بوونی پەتای كۆرۆنا باری هاوڵاتییانی قورس كردبوو، بەڵام لەڕووی داراییەوە موچەخۆرانی هەرێم لە بارێكی خراپی دراییدا بوون.

لە دەستپێكی ساڵەكەدا، یەكەم موچەخۆرانی هەرێم یەكەم موچەیان بە تەواوی وەرگرت، ئەوەش وای كرد، هەمووان بە ئومێدی موچەیەكی بێ لێبڕین و پاشەكەوتەوە ساڵەكەیان دەستپێكرد، بەڵام پێشبینییەكان پێچەوانە بوونەوە.

حکومەت 7 موچەی تەواو و 81%ی موچەیەکی لێ بڕیوم

عومەر محەمەد، موچەخۆرێكی حكومەتی هەرێم لە پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لە سەرەتای كابینەی نۆی حكومەتی هەرێم، گەورەترین بەڵێن بۆ موچەخۆران ئەوە بوو كە شتێك نەماوە بەناوی پاشەكەوتەوە، ئێمەش دەواممان بە تەواوی دەستپێكردەوە، بەڵام بەداخەوە حكومەت بەڵینەكانی نەبردە سەر و ستەمی لێبڕین و پاشكەوتی موچە گەڕایەوە”.

ئەو موچەخۆرە ئەوەشی ئاشكراكرد، “ئەوەی ئێمەی موچەخۆران حسابمان كردووە، حکومەت حەوت موچەی تەواو و 81%ی موچەیەکی لێمان بڕیوە”.

“بەداخەوە ئەم كابینەیە نەك كێشەی موچەخۆری چارەسەر نەكرد، بەڵكو قەیرانەكەی قوڵتر كردینەوە”، ئەو موچە خۆرە وای وت.

حكومەتی هەرێم لەنێوان شكست و سەركەوتندا

لەبارەی هەڵسەنگاندنی ئەدای حكومەت لە ساڵی 2020دا، فراكسیۆنی پارتی پێیوایە ئەدای حكومەت زۆر باش بووە و سەركەوتوو بووە لەوەی قۆناغێكی سەخت لەمساڵدا تێپەڕێنێت، بەڵام فراكسیۆنە ئۆپۆزسیۆنەكان ڕایەكی پێچەوانەیان هەیە.

ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئەم حكومەتە تەنها ڕاگەیاندنی شكستی ماوە، ئەگینا لەسەر ئاستی خزمەتگوزاری و ئاستی ئەمنی و پێشێلكردنی ئازادییەكان و مەسەلەی موچە و مافی خەڵك شكستی هێناوە

هەڵەدنی ئەوەشی خستەڕوو، “سەبارەت بە موچە و بژێویی خەڵك، لە سالی 2020دا پێنج موچە بە لێبڕینەوە دراوە كە دەكاتە چوار موچەی تەواو ئەوەی دیكە چارەنوسی نادیارە”.

ئەو چاكسازییەی پێویستە حكومەت نەیكردووە

“ئەو چاكسازییەی پێویستە حكومەت نەیكردووە، داهاتی دەروازە سنوورییەكان و گومرگەكان و داهاتەكانی دیكەی هەرێم بەشێوەیەكی شەفاف و دادپەروەرانە كۆناكرێتەوە بۆیە ئەمە هۆكاری قەیرانەكانە”، وەك هەڵەدنی وتی.

پەرلەمانتارەكەی یەكگرتوو ئاماژەی بەوەشكرد، “تاكە چارەسەر ئەوەیە، موچەخۆر و خانەنشینی مەدەنی مانگرتنێكی سەرتاسەری ڕابگەیەنن و بێنە مەیدان فشار بكەن، بۆ ئەوەی مافەكانیان نەخورێت، چونكە هیچ ئومێدێك بە حكومەت نەماوە”.

زێدان ڕەشید، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بەپێی ئەوەی لە هەولێری پایتەختین و لە فراكسیۆنی پارتیداین زیاتر ئاگاداری ئەدای حكومەتین، دۆخی موچە نەك کێشەیە بۆ تەنها حكومەت بەڵكو كێشەیشە بۆ خەڵكی كوردستان و داواكاری و تموحی ئێمەش وەك پەرلەمانتار و فراكسیۆنیش لەوە زیاتر بووە، بەڵام ناچاری دۆخی دارایی و كۆرۆنا هۆكاری سەرەكین بۆ ئەو دۆخەی ئێستای موچە”.

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئەوەشی خستەڕوو، “لەلایەكی دیكەشەوە نەدانی بڕە موچەی هەرێم لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە، هۆكارێكی گەورەبوو بۆ كێشەی موچە لە هەرێم”.

زێدان ڕەشید باسی لەوەشكرد، “وتاری سەرۆكی حكومەت كە لە هەفتەی ڕابردوودا پێشكەشی كرد، بەڕوونی تیشكی خستە سەر وردەكاریی نەدانی موچە، چەندین جار لە كۆبوونەوە تایبەتەكانیشدا ئێمە داوامانكردووە دۆخەكە باش بكرێت، بەڵام ئەمە بەس هەرێمی كوردستان نییە و عێراقیش نییە، بەڵكو دۆخێكی جیهانییە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “ئەگەر نرخی نەوت لە سەرووی 60 دۆلارەوە بوایە حكومەتی عێراقیش كێشەی نەدەبوو، چارەسەربوونی ئەو قەیرانە كاتێكی زۆری دەوێت، تا ناوەڕاستی ساڵی داهاتووی پێدەچێت گەر ڤاكسینی كۆرۆنا ئێستاش بەردەست بێت لە جیهاندا”.

“بە گشتی سەختترین ساڵ تێدەپەڕێنین، قۆناغی سەختترمان دەرباز كردووە، ئەوەی لە هەرێمیش دەگوزەرێت دەستی دەرەكی زۆری لە پشتە كە هاندەدرێن لە دژی حكومەت و ئەم كابینەیە، ناڕەزایی خەڵك ئیستغلال دەكرێت بۆ مەرامێكی ناوخۆیی دژی كابینەی نۆ”، وەك پەرلەمانتارەكەی پارتی باسیلێوەكرد.

ئەگەر سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانیش نەبوایە ئەوا زۆر سەخت بوو ئەو قۆناغە سەختە لە ساڵی 2020 كۆتایی پێ بێهندرێت

سەبارەت بە شكستهێنانی حكومەتی هەرێم، زێدان ڕەشید وتی، “ئەگەر حكومەت لە دەست كەسانی وەك ئەوانە بێت كە دەڵێن حكومەت شكستی هێناوە، ئەوا شكستی دەهێنا، حكومەتی هەرێم نەک شكستی نەهێناوە بەڵكو بە دۆخێكی زۆر سەختدا كۆتایی بەم ساڵە هێنا، ئەگەر سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانیش نەبوایە ئەوا زۆر سەخت بوو ئەو قۆناغە سەختە لە ساڵی 2020 كۆتایی پێ بێهندرێت”.

پەرلەمانتارەكەی پارتی جەختی لەوەكردەوە، “ئومێد هەیە كە هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە سەر پایەو ڕێچكەی خۆی، ئێمەش لەگەڵ داواكاریی خەڵكیداین بەڵام بە ئاشتییانە داوای موچە و مافی خۆیان بکەن”.

دابەشكردنی موچەی مانگەكانی ساڵی 2020

موچەی مانگی یەكی ئەمساڵ بە تەواوی بێ لێبڕین و پاشەكەوت دابەشكرا.

موچەی مانگی دوو بە لێبڕینی 21% دابەشكرا.

موچەی مانگی سێ بە لێبڕینی 21% دابەشكرا.

موچەی مانگی چوار، پێنج، شەش، حەوت و هەشت دابەش نەكرا.

موچەی مانگی نۆ بە لێبڕینی 18% دابەشكرا.

موچەی مانگی 10ی ئەمساڵیش بە لێبڕینی 21% دابەشكرا.

تا ئێستاش حكومەتی هەرێم موچەی مانگی 11 و 12ی ساڵی 2020ی دابەش نەكردووە و چارەنوسی ئەو دوو موچەیەش نادیارە.

بابەتی پێشتر

ئاگری كێڵگە نەوتییەكەی كەركوك كوژێندرایەوە

بابەتی دواتر

زیاتر لە 200 توشبووی نوێی كۆرۆنا لە هەرێم تۆماركرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share