هاتوچۆی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە ماوەی رۆژانی نەورۆزدا تەنها 5 رووداو تۆماركراون و بەهۆیانەوە هیچ حاڵەتێكی گیانلەدەستدان نەبووە.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لە ماوەی سێ رۆژی نەورۆزدا لە ناوەوە و دەرەوەی شاردا تەنها پێنج رووداوی هاتوچۆ تۆماركراون، لە كۆی ئەو رووداوانە 24 هاوڵاتی برینداربوون و هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان تۆمارنەکراوە.
روونیشیكردووەتەوە، هۆکار و ئەنجامی رووداوەکان بەپێی کەشف و هێڵکاری کە لەلایەن ئەفسەرانی هاتوچۆ رێکخراوە بۆ ئەم خاڵانە دەگەڕێتەوە:
1- کەشوهەوای نەورۆزی ئەمساڵ زیاتر باراناوی بوو، بەهۆیەوە ئەگەری خلیسکان و خزینی سەر شەقام زیاترە کە پێویستە شۆفێران بە باشی خوێندنەوە و مامەڵەیان هەبێت لەگەڵ کەشوهەواو و شەقامەکاندا.
2- خێرایی زۆر و پابەندنەبوون بە یاسا و رێنماییەکانی هاتوچۆ.
3- بەپێی هێڵکارییەکان لە هەندێک رووداودا دەرکەوتووە کە سەرنشینی زیادە لە ئۆتۆمبێلەکانیاندا هەبووە، زیاتر لەو رێژەیەی کە یاسا رێگەیپێداوە.
4- بەکارنەهێنانی پشتێنی سەلامەتی لەلایەن شۆفێر و سەرنشینی ناو ئۆتۆمبێلەکانەوە کە کارێکی سەرپێچی یاسایی و مەترسیدارە.