لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لە مزگەوتێكی سلێمانی دروستكراوە

ئەوقافی سلێمانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەی لەسەر ئەو مامۆستا ئاینییە پێكهێناوە، كە باسی لەوە كردووە مزگەوتەكەی بووەتە شوێنی “لەشفرۆشی”، مامۆستای مزگەوتەكەش ڕەتی دەكاتەوە قسەی لەو جۆرەی كردبێت.

ئیبراهیم عارف، وتارخوێنی مزگەوتی حاجی عەزیز خەیات، ئەو مزگەوتەی دەنگۆی ئەنجامدانی لەشفرۆشی تیایدا بڵاوبووەوە، بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بەداخەوە بۆ كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوس هەندێك قسەی منیان شێواندووە و هەڵیانگەڕاندووەتەوە، من شتی وام نەوتووە كە مزگەوتەكە بووبێتە شوێنی لەشفرۆشی و كاری بەدڕەوشتی تێدا بكرێت، لە قسەی خۆم بەرپرسیارم و دەزانم چیم وتووە”.

ئەو مامۆستا ئاینییە ئەوەشی خستەڕوو، “خەڵكێكی زۆر گلەیی ئەوەیان كرد، بۆ چی مزگەوتەكە زوو دادەخرێت، ئێمەش لەو وتارە وتمان شوێنی مزگەوتەكە ناوبازاڕە ئوتێل هەیە و قەرەجی لێیە و خەڵكی بەڕەڵا و بێ ساحیب هەن و كۆمەڵێك خەڵكی تری تێدایە كە لە وڵاتانەوە هاتوون، با مزگەوتەكەمان نەبێتە شوێنی كاری خراپ و ناوبانگی خراپ نەبێت دایدەخەین”.

پێشنوێژی مزگەوتی حاجی عەزیز خەیات ئەوەشی ڕاگەیاند، “وتومە، تاكە هۆكاری ئەوەی مزگەوتەكە دادەخرێت لە دوای كاتژمێری چوارەوە، ئەوەیە نەبێتە شوێنی كاری خراپ، نەك كاری خراپی تێدابێت”.

لیژنەیەكمان پێكهێناوە بۆ ئەو مەبەستە، كە لە بەشی یاسا و پشكنین و مامۆستایەكی ئاینی پێكهاتووە

لەسەر هەمان پرس، لای خۆیەوە، فەرەیدون غەریب، بەڕێوبەری گشتیی ئەوقافی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئەو هەواڵە سەرلەبەری ڕەت دەكەمەوە، پێموابێت هەڵەیەكی ئەو مامۆستای ئاینییەی ئەو مزگەوتە بووە”.

بەڕێوبەری ئەوقاف ئەوەشی خستەڕوو، “لیژنەیەكمان پێكهێناوە بۆ ئەو مەبەستە، كە لە بەشی یاسا و پشكنین و مامۆستایەكی ئاینی پێكهاتووە، لە ئەمڕۆوە دەستبەكاربوون بۆ لێكۆڵینەوە لەو بابەتە”.

فەرەیدون غەریب ئاماژەی بەوەشكرد، “ئەوەی كەمتەرخەم بێت ڕوبەڕووی یاسای دەكەینەوە، ئەگەر مامۆستا ئاینییەكەش بێت، بڵاوكردنەوەی شتی لەوجۆرە بۆ ناشرینكردنی شاری سلێمانییە و سلێمانی بەوە ناشرین نابێت، 30 بۆ 40 مزگەوت هەن هیچیان كاری خراپیان تێدا ناكرێت”.

“پاش ئەوەی لێكۆڵینەوە دەكرێت و تەماشای كامێراكان دەكرێتەوە ئێمە كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیمان دەبێت، وا بە ئاسان لەو بابەت خۆش نابین و ئەو سۆشیال میدیایەش دەدەینە دادگا كە هەواڵێكی لەو جۆرەی بڵاوكردەوە”.

لەبارەی بوونی هەر حاڵەتێكی لەو جۆرە لە مزگەوتەكانی سلێمانیدا، فەرەیدون غەریب وتی، “هیچ حاڵەتێكی لەوجۆرە لە سلێمانی ڕوینەداوە و تەنانەت لەو مزگەوتە شوێنی تەوالێتی ژنانی لێنییە و بەردەوام قەرەباڵغە چۆن شتێكی وا ڕودەدات”.

بابەتی پێشتر

نەریتی ساڵانەی نێیمار پاریس سانت جێرمانی تووشی دڵەڕاوکێ کردووە

بابەتی دواتر

کریستیانۆ: لە نێوان یارییەکی تۆپی پێ و بۆکسێندا، سەیری بۆکسێنەکە دەکەم

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share