پیسبوونی مەترسیدار هەیە.. پیسایی و نەوت و پاشماوە پزیشکییەکان دەڕژێنە ئاوەکانی عێراقەوە

ساڵانێکی زۆرە عێراقییەکان ئاوی پیسبوو بە پیسایی، نەوت و ئاوەڕۆ دەخۆنەوە، هەموو حکومەتەکانیش نەیانتوانیوە چارەسەرێک بۆ کێشەی پیسبوونی ئاو بدۆزنەوە، کە بووەتە سەرچاوەیەکی سەرەکیی نەخۆشی بۆ ژمارەیەکی زۆر لە عێراقییەکان، سەرەڕای ئەو بوودجە داراییە زەبەلاحانەی کە لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەندکراون.

بەپێی راپۆرتێکی روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەکردووە، ساڵانە رێژەی پیسبوونی ئاو لە عێراق بەرزدەبێتەوە، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، دابەزینی خزمەتگوزاریی ئاو و تۆڕەکانی پاککردنەوە، زیادبوونی پاشماوەی نەوت و پزیشکی کە بەردەوام فڕێدەدرێنە ناو رووبارەکانەوە.

لەوبارەیەوە روانگەی مافی مرۆڤ گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ئاوی عێراق زۆر پیس بووە، هەروەها نەوت و ئاوی ئاوەڕۆ و پاشماوەی پزیشکی هەموویان فڕێدەدرێنە ناو رووبارەکانەوە.

پزیشکێکی عێراقی کە لە نەخۆشخانەیەکی حکومی کاردەکات، بە روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤی رایگەیاند، “ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات شیاوی خواردنەوە نین، هەروەها هۆکارێکی سەرەکییە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە، بەتایبەت لە پارێزگای بەسرە”.

ئەو پزیشکە کە بەهۆی سزای کارەکەیەوە نەیویستووە ناوی خۆی ئاشکرا بکات، ئاماژەی بەوەکرد، ژمارەیەکی زۆر حاڵەتی توشبووانی شێرپەنجەم بینی، بۆم دەرکەوت ئاو هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەمە، ئاوەکەمان زۆر پیس بووە.

رووباری دیجلە بەناو بەغدادی پایتەختدا دەڕوات و پیسبوونی بە روونی دیارە، بەتایبەتی کاتێک ئاستی کەمدەبێتەوە.

لە ساڵی 2020 کۆمەڵەی پاراستنی ژینگە (رێکخراوی ناحکومی) رایگەیاند، “شاری پزیشکی لە بەغداد کە کۆمەڵگایەکی پزیشکییە، دەکەوێتە کەناری دیجلە لە ناوەڕاستی بەغداد، رۆژانە پاشماوەی زیاتر لە هەزار نەخۆش دزە دەکاتە ناو رووبارەکەوە”.

روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بەدەمەوەچوونی زیاتر نیشان بدەن و زۆرترین هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پیسبوونی ئاو لە عێراقدا بخەنەگەڕ، داوای لێکردن گوێ لە پسپۆڕانی ئەم بوارە بگرن و رێوشوێنی کاریگەرتر بگرنەبەر و هەنگاوەکان کە لەگەڵ گەورەیی ئەو مەترسییە دەگونجێت کە هەڕەشە لە هەمووان دەکات، بەتایبەتی هەژاران و ئەوانەی ناتوانن دەستیان بە ئاوی شیاو بۆ خواردنەوە بگات.

بابەتی پێشتر

کاریگەرییەکانی زیادەڕەویکردن لە بەکارهێنانی ڤیتامین D

بابەتی دواتر

رووداوێكی هاتوچۆ پێنج كەسی برینداركرد

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نوور بی ئێمی ڤڵۆگەری عێراقی کوژرا

سەرچاوەیەکی ئەمنی بڵاویکردەوە، ڤڵۆگەری عێراقی نور بی ئێم لەلایەن چەکدارێکەوە  لە ناوچەی ئەلمەنسور کوژراوە. ئەو سەرچاوەیە ئەوەی خستۆتەڕوو،…
Total
0
Share