قوباد تاڵەبانی: داوا دەکەم هەموو لایەکمان لەپێناو هاوڵاتییاندا بەرپرسیارانە مامەڵە بکەین

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

لە پەیامێکدا کە بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز بڵاویکردەوە، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، لەم دۆخەدا داوا دەکەم هەموو لایەکمان لەپێناو هاوڵاتییاندا بەرپرسیارانە مامەڵە بکەین و پێکەوە ئیدارەی ئەم دۆخەی ئێستا بدەین.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئەمڕۆ دووشەممە پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، “نەورۆزی کوردەواری هەمیشە هەڵگری پەیامی ئاشتی و تەبایی و دەستپێکی وەرزێکی نوێ بووە، بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان پەیامی نەورۆز بە جدی وەربگرین و دەرگا بکەینەوە بەڕووی چارسەر کردنی گرفتەکاندا”.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، “کوردستان لەبەردەم هەڕەشە و دەرفەتیشدایە، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیش ساڵانێکی زۆرە بە هەموو کەموکوڕییەکانمانەوە تەحەمولیان کردووین، داوای خزمەتگوزاری باشتر و بووژانەوەی ئابوری و ئارامی سیاسی دەکەن، لەم دۆخەدا داوا دەکەم هەموو لایەکمان لەپێناو هاوڵاتییاندا بەرپرسیارانە مامەڵە بکەین و پێکەوە ئیدارەی ئەم دۆخەی ئێستا بدەین”.

داوایشیکرد، “با پێکەوە ئەو دەرفەتەی لەگەڵ بەغداد هاتووەتە پێشەوە بقۆزینەوە بۆ رێککەوتنێکی یەکجاری و درێژخایەن، لەناوخۆشدا زەمینە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بڕەخسێنین بە جۆرێک هەم متمانەی هاوڵاتیان بە دامەزراوەکان بەهێز بکات و هەم هاوپەیمانەکانمان لە دەرەوە لەخۆمان بێهیوا نەکەین”.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا قوباد تاڵەبانی باسی لەوەکردووە، “لەبارەی کێشەکانی ناوخۆی کوردستان، ئێمە دەستی ئاشتەوایی درێژ دەکەین و ئامادەی هەموو گفتوگۆیەکین و رایدەگەیەنین، داواکاری کەسیمان نەبووە و نییە، بەڵکو داواکاری و بەرگریکردن بووە لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان کە پێمان وایە ئەمە دەکرێت ویست و داواکاری هەموو لایەکمان بێت، ئێمەش بە بەڵێنی جێبەجێکردنی ئەو داواکاریانە، ئامادەی هەموو ھاوکاری و هەنگاوێکی پێویستین”.

لە کۆتایی پەیامەکەشدا هاتووە، “نەورۆزی کوردەواری لە هەموو لایەک پیرۆز دەکەم و هیوای جەژنێکی پڕ لە شادی و خۆشی بۆ هەمووان دەخوازم”.

بابەتی پێشتر

محەمەد حەلبوسی گەیشتە سلێمانی

بابەتی دواتر

تۆمەتبارێک دەستگیرکرا خۆی کردووە بە ژن و پارەی لە خەڵک وەرگرتووە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بومەلەرزەیەك لە سلێمانی روویدا

بومەلەرزەیەك قەزای كەلاری سەر بە پارێزگای سلێمانی هەژاند. دەستەی گشتیی كەشوهەوا و تۆماری بومەلەرزە بڵاویكردەوە، یەكەی بومەلەرزەی دەستەكەیان…
Total
0
Share