لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پشتڕاستیکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجوومەنەکە دەستدەکات بە کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن لەبارەی یاسای بودجە کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نێردراوە.
جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیاند، “ئەمڕۆ لیژنە پەیوەندیدارەکانی ئەنجومەنی نوێنەران دەستدەکەن بە بەدواداچوون و گفتوگۆکردن لەسەر یاسای بودجە کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نێردراوە، پێش ئەوەی بیخەنەڕوو بۆ خوێندنەوەی یەکەم، دواتر دەخرێتەڕوو بۆ گفتوگۆکردن لە دانیشتنی پەرلەماندا “.
ئاماژەی بەوەدا، “ئەنجوومەنی نوێنەران پێویستی بە نزیکەی (45) رۆژە بۆ ئەوەی پرۆژەیاسای بودجە بە یاسا دەربکات، چونکە ئەگەری هەیە کاربکەین بۆ ئەوەی هەندێک هەموارکردنەوە لە هەندێک بڕگە و مادەی یاساکەدا بکەین.”
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی وتی، “تەنها بودجەی ساڵی 2023، دەبێتە یاسای بودجە بۆ حکومەت کە دەبێت پابەندی بێت ئەوانی دیکە تەنها پێشنیار دەبن، ئەوانیش گۆڕانکارییان تێدا دەکرێت لە سەرەتای هەر ساڵێک، بەپێی بارودۆخی ئابووری، بەتایبەتی سەبارەت بە نرخی نەوت”.