ئەمڕۆ 35 ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا تێدەپەڕێت

ئەمڕۆ 16ی ئازاری 2023 یادی 35 ساڵەی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە بە دەستی رژێمی بەعس، دەکرێتەوە، لەو تاوانەدا زیاتر لە پێنج هەزار هاوڵاتیی کورد شەهیدبوون.

لە 16ی ئازاری ساڵی 1988دا رژێمی بەعس بە چەکی کیمیایی بۆردومانی شاری هەڵەبجەی کرد، شارەکە جگە لە تەرمی دانیشتووانەکەی هیچی دیکەی تێدا نەدەبینرا.

باخان عومەر کچی یەکێک لە شەهیدانی هەڵەبجەیە، باخان تەنها دوو ساڵ بووە کە باوکی بەهۆی چەکی کیمیاییەوە لە کاتی بەهاناوەچوونی بریندارانی هەڵەبجە شەهیدبووە، دەڵێت، جگە لە وێنەکانی هیچ بیرەوەرییەکی باوکمم لەیاد نییە و هەست بەو سۆزە ناکەم کە سۆزی باوکە”.

عومەر حەمە عەلی، یەکێک لە پزیشکانی هێزەکانی پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە، لە کاتێکدا بە هانای بریندارانی هەڵەبجەوە چووە و هەوڵی رزگارکردنی پیاوێکی بەتەمەنی داوە دەمامکە پارێزەرەکەی دژی گازی کیمیایی بە پارێزگاری لە پیاوە هەڵەبجەییەکە بەخشیوە تاوەکو لە کاریگەریی گازە ژەهراوییەکان بیپارێزێت.

کاتێک بەهۆی ماندوو بوونەوە لە ئاوی ماڵەکانی هەڵەبجە دەخواتەوە بە کاریگەریی ئەو ئاوەی بە گازی کیمیایی ژەهراوی بووە شەهید دەبێت.

باخان عومەر کە منداڵی بچوکی ئەو پێشمەرگەیەیە دەڵێت، “ساڵآنە لەگەڵ یادی هەڵەبجەدا بێ باوکیم ئازارم دەدات، راستە نارۆین بۆ هەڵەبجە و لەو شارەدا نین، بەڵام ئێمەش هەمان ئازاری لەدەستدانی ئازیزانمان بەهۆی ئەو کارەساتەوە هەیە”.

رۆژی دووشە 13ی ئازار ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسەندکرد و هەڵەبجەی وەک نۆزدەیەمین پارێزگای عێراق دانا.

دوێنێ چوارشەممە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە حەوتەمین دیداری سلێمانی رایگەیاند، “بڕیاری بە پارێزگاکردنی شاری هەڵەبجە بچوکترین کارە کە بۆ ئەو شارە بکرێت”.

بابەتی پێشتر

حەكیم: بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە ئەنجامدانی بەشێكی كەمی ئەركی سەرشانە

بابەتی دواتر

بەرهەم ساڵح: ستەم بەردەوام نابێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share