چۆن مامەڵە لەگەڵ کەللـەڕەقی منداڵەکەتدا دەکەیت؟

سەرسەختی و کەللـەڕەقی منداڵ کێشەیەکە کە زۆربەی خێزانەکان بەدەستییەوە دەناڵێنن، بەڵام لە کاتی تێگەیشتن لە هۆکارەکانی، ئەوەی کە ئەرێنی و نەرێنیی چییە، و مامەڵەکردنی دروست لەگەڵ منداڵەکەدا بۆ ئەوەی لە سنووری ئەرێنی خۆیدا بمێنێتەوە، دەکرێت هەنگاوێکی سەرکەوتوو بێت بۆ چارەسەرکردنی.

دوو پسپۆڕی راوێژکاری دەروونی 13 رێگەچارە بۆ ئەم کێشەیە دادەنێن بۆ ئەوەی بە ئاسانی تێپەڕێت، هەروەها باس لەوەدەکەن کە دەبێت چی بکرێت ئەگەر ئەو رێگەیانە ئەنجامیان نەبوو.

هۆکارەکانی کەللـەڕەقی منداڵ:

منداڵەکە هەوڵدەدات سەرنجی دایک و باوک رابکێشێت ئەگەر منداڵی دیکە لە خێزانەکەدا هەبێت.

ئەگەر منداڵەکە هەست بەوە بکات پەراوێزخراوە .

هەوڵدەدات زیاتر سەرنجی بخرێتەسەر.

زیادەڕۆیی لە سزادان یان توندوتیژی.

نازکردنی زیادە .

بوونی کێشەی هاوسەرگیری لەناو خێزاندا پاڵ بە منداڵەوە دەنێت بۆ وەرگرتنی “رەفتاری بەرگریی نائاگایی”.

زیادەڕەویکردنی منداڵ لە بەکارهێنانی یارییە ئەلیکترۆنییەکان .

ئەرێنی و نەرێنی بوونی منداڵ.

13  چارەسەر

یەکەم: گرنگیدانی دایک و باوک بۆ رەفتارەکانیان لەبەردەم منداڵەکانیاندا، چونکە رەنگدانەوەی لەسەریان دەبێت.

دووەم: وەسفنەکردنی منداڵان بە “سیفەتی خراپ” وەک ئەوەی پێی بڵێیت کە تۆ “منداڵێکی سەرسەختی” یان ” بێ ئەدەبیت”.

سێیەم: دۆزینەوەی “چارەسەرێکی جێگرەوە” کاتێک داواکاری منداڵەکە رەتدەکەیتەوە، کاتێک دایک و باوک داوا لە منداڵەکانیان دەکەن، بۆ نموونە “تەلەفزیۆنەکە بکوژێننەوە یان مۆبایل بەکارنەهێنن”، ئێمە بەدیلێکیان پێشکەش دەکەین، وەک یاریکردن پێکەوە یان ئەنجامدانی چالاکیەکی تر .

چوارەم: “ڕەتکردنەوە بە خۆشەویستی” بەو مانایەیە کە دایک و باوک خۆیان لە دووبارەکردنەوەی وشەی “نا” لەبەردەم منداڵەکەدا بەدوور بگرن، چونکە دەکرێت داواکارییەکەی “ناڕاستەوخۆ” رەتبکرێتەوە.

پێنجەم: دووربکەوەرەوە لە “فەرمانی راستەوخۆ”، وە باشتر وایە چەند بژاردەیەک بدرێت بە منداڵەکە.

شەشەم: پێدانی “فەزای ئازادی” بە منداڵان لە هەڵبژاردنی هاوڕێ و جل و بەرگ و خواردنەکانیان.

حەوتەم: دووبارە ستایشکردن بۆ هەموو رەفتارێکی ئەرێنی.

هەشتەم: نەگواستنەوەی ناکۆکیی هاوسەران بۆ منداڵەکان، هەروەها مشتومڕی نێوان هاوسەران دوور لە چاوی منداڵ بێت.

نۆیەم: ئازادی بۆ منداڵەکە جێبهێڵە کە رای خۆی دەرببڕێت.

دەیەم: بۆ ئەوەی سوکایەتی پێنەکەیت و بە لێدان سزای نەدەیت دەتوانیت لە کاتی سزادانیدا لە هەندێک شت بێبەشی بکەیت.

یانزەیەم: وازبێنە لە نازهەڵگرتنی زۆر، باشترە وەڵامی هەندێک داواکاری بدەیتەوە و وەڵامی هەندێکی دیکە نەدەیتەوە.

دوانزە: جیاکاری نەکردن لە نێوان منداڵاندا.

سیانزەیەم: کەمکردنەوەی بەکارهێنانی یارییە ئەلیکترۆنییەکان لەلایەن منداڵەوە.

بابەتی پێشتر

کێشەیەکی دیکە بۆ بەرشلۆنە دروستبووە

بابەتی دواتر

رووداوێكی هاتوچۆ قوربانی لێكەوتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share