جوتیارانی عەفرین بەدەست میلیشیاكانی توركیاوە گرفتارن

عەفرین ناسراوە بە بەرهەمهێنانی زەیتون و زەیتەكەی

جوتیارێكی كورد دەڵێت، لەگەڵ كۆی ئەو جوتیارانەدا پشت بە چاندن و لێكردنەوەی بەربوومی زەیتون دەبەستن، بەدەست گروپە چەكدارییەكانی نزیك لە توركیا دەناڵێنن، بەهۆی سەپاندنی باج و سەرانەی زۆر، ئەمەش بووەتە هۆی هەژارخستنیان.

سایتی دەنگی ئەمریكا لەسەر زاری جوتیارێكی كورد كە ناوی خۆی ناوە (فەحان) لە ترسی سەلامەتی گیانی دەڵێت، “پێشتر لەگەڵ باوكیدا قازانجێكی زۆریان لە دارە زەیتونەكانیان دەكرد، بەڵام لە دوو ساڵی ڕابردوودا بەدەست كێشە و ئاستەنگی جۆراوجۆرەوە بەهۆی گروپە چەكدارەكانەوە دەناڵێنن”.

فەرحان (تەمەن 61 ساڵ) كێڵگەیەكی زەیتونی هەیە بە دووری 16 كیلۆمەتر لە شاری عەفرین، ئەو شارەی لە ساڵی 2018ەوە لەلایەن گروپە چەكدارەكانی پشتیوانكیراو لەلایەن توركیاوە دەستی بەسەرداگیراوە و ناسراوە بە بەرهەمهێنانی زەیتون و زەیتی زەیتونی كوالێتی باش.

ئەو جوتیارە دەڵێت، ناچاربووە بە سێ بازگەی گروپە چەكدارەكاندا تێپەڕبێت بەر لە گەیشتنی بە شاری عەفرین بۆ فرۆشتنی بارە زەیتونەكەی و وتی، “لە هەر جارێكدا ناچاربووە شیرینی و سەرانە بدات، بەهۆی ئەوەی هەماهەنگی لەنێوان ئەو گروپانەدا نییە و زۆرجاریش كێشە و ململانێ لەنێوانیاندا ڕودەدات، لە كۆتایشدا ئەوەی دەستیكەوتووە لە فرۆشتنی بارەكەی، بەشی بژێوی ژیانی بۆ زیاتر لە سێ مانگ ناكات”.

شارەزایان پێیانوایە جوتیارانی زەیتون لە عەفرین بوونەتە سەرچاوەیەكی سەرەكیی داهات بۆ گروپە چەكدارییە جۆراوجۆرەكانی ناوچەكە.

خورشید عەلیكا، شیكەرەوەی ئابوری دەڵێت، نزیكەی 18 ملیۆن داری زەیتون لە عەفرین هەن.

وتیشی، “میلیشیاكان باجی زۆر لەسەر جوتیارانی كورد دادەنێن، بۆ نمونە ئەو گروپانە باجی 2000 بەرمیل زەیتی زەیتونیان بەسەر دانیشتووانی گوندی كاخیرە (لە عەفرین) سەپاندووە”.

عەلیكا ڕوونیشیكردوەتەوە، هەر بەرمیلێك زەیتی زەیتون لەئێستادا لە بازاڕی ناوخۆدا بە 30 دۆلارە.

هەروەك محەمەد بیلۆ، ڕۆژنامەنوسی كورد دەڵێت، ئەو میلیشیایانەی ئێستا كۆنتڕۆڵی ناوچە جیاوازەكانی عەفرینیان كردووە ڕێگای جۆراوجۆریان هەیە بۆ سودوەرگرتن لە بەرهەمی زەیتی زەیتون.

وتیشی، “لە گوندەكەی ئێمە میلیشیاكان ئەم وەزرە دەستیانگرت بەسەر سەرجەم بەرهەمی زەیتونی خێزانەكاندا، ئەوانەی لە خانوو و خاكەكانیان هەڵهاتوون بەهۆی داگیركاری توركیاوە”.

بابەتی پێشتر

سێ ئەندامی خێزانەكەی كوشت و كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

بابەتی دواتر

بەرپرسێكی وهان دادگایی دەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

هەڤاڵ ئەبوبەكر: تیمەكانی بەرگریی شارستانی لە هەوڵدان بۆ دەرهێنانی قوربانییانی ڕووداوەكە

پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت، تیمەكانی بەرگریی شارستانیی سلێمانی لە هەوڵدان بۆ دەرهێنانی قوربانییانی ڕووداوەكە و دەشڵێت، هاوڵاتییان دڵنیادەكەینەوە كە…
Total
0
Share