قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازیكرد له شاندێكى پهرلهمانتارانی پەرلەمانی ئهوروپا به سهرۆكايهتيى سارا سكيتێدال و پێكەوە تاوتوێی كۆمەڵێك پرسی جێگە بایەخی هاوبەشی هەردوولایان كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا لە شاری هەولێر (8ی ئازاری 2023) شاندی میوان جەختیان لە بەهێزكردنی كوردستان كردەوە لە چوارچێوەی عێراقێكی بەهێزی فیدراڵدا و ئەوەیان خستەڕوو دەخوازن پەیوەندی پتەوی راستەوخۆیان لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هەبێت، هەروەها ئەوەشیان بیرهێنایەوە كە سەرجەم دەسكەوتە زێڕینەكانی كوردستان لە کاتی یەكگرتوویی و تەبایی هێزە سیاسییەكانی كوردستان بەدیهاتوون.
لای خۆشییەوە قوباد تاڵەبانی روونیكردەوە، تەحەداكانی قۆناغی ئێستا خزمەتگوزاری و باشتركردنی ژیانی خەڵكن و “كات كاتی حوكمڕانی باشە”. هەروەها باسی لەوەكرد “جێگەی داخە لە ئێستادا لە كوردستان یەكڕیز و یەكگرتوو نین، ئەمەش هۆكاری لاوازییە لە بەغداد”.
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەش كرد کە پێویستە سەرجەم هەوڵ و كۆششەكان بۆ مسۆگەركردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بێت لە بودجەی گشتی فیدراڵی لەگەڵ چارەسەركردنی كێشە كەڵەكەبووەكانی پرسی نەوت و گاز.
هەردوولا هاوڕابوون لەبارەی گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد تا ببێتە بنەمایەك بۆ نوێنەرایەتییەكی راستەقینە لە پەرلەمان و حكومەتی داهاتوو لە هەرێمی كوردستان.