قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە هەولێر پێشوازیکرد لە ئەنالینا بێربۆک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا لەسەر کێشە ناوخۆییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا گفتوگۆ کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران پشتگیریی خۆی بۆ حکومەتی محەمەد شیاع سودانی دووپاتکردەوە و هیوای خواست حکومەتی نوێی عێراق بتوانێت پڕۆژە یاسای بودجە و پڕۆژە یاسای نەوت و گاز بەجۆرێک ئامادە بکات کە لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقدا بێت.

راشیگەیاند، رێککەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر یاسای نەوت و گاز دەرگا دەکاتەوە بەڕووی چارەسەرکردنی کێشەکانی دیکەی نێوان هەولێر و بەغداد و دەبێتە هۆی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی و بوژانەوەی ئابوری لە هەموو عێراقدا.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی سیاسی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کرا و هەردوولا هاوڕابوون دەبێت ناکۆکییە سیاسییەکان لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن.

لەمبارەیەوە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، حکومەتی ئەڵمانیا پشتیوانی لە هەرێمی کوردستانی یەکدەنگ و یەکگرتوو دەکات، هەربۆیە پێویستە ناکۆکییە ناوخۆییەکان چارەسەر بکرێن.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نیوان هەولێر و بەغداش،  ئەنالینا بێربۆک جەختی کردەوە، حکومەتی ئەڵمانیا پشتگیری لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد دەکات و پێویستە پەیوەندییەکی بەهێز و تۆکمە لەسەر بنەمای دەستور لەنێوان هەردوو حکومەتدا هەبێت بۆ ئەوەی ببێتە مایەی سەقامگیریی ئەمنی و سیاسی و بووژانەوەی ئابوری لە هەموو عێراقدا.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەڵمانیا کرا، جێگری سەرۆک وەزیران داواشیکرد حکومەتی ئەڵمانیا هاوکاربێت لە بووژانەوەی ئابوری و رەخساندنی هەلی کار لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی هەموو ناوچەکانی کوردستان بە شێوەی هاوسەنگ گەشە بکەن و بووژانەوەی ئابوری بەخۆوە ببینن.

بابەتی پێشتر

هازارد بۆ ڕیاڵ مەدرید: کوڕەکەم لێرەیە و ناڕۆم

بابەتی دواتر

چوار هاوڵاتی بە رووداوێكی هاتوچۆ گیانیان لەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share