ئەو بابە نوئێلەی ڤایرۆسی کۆرۆنای بە دیاری بۆ خانەیەکی بەساڵاچوان برد

دوای ئەوەی کەسێک لە شاری ئەنتوێرپ لە وڵاتی بەلجیکا بە بەرگی بابا نوئێلەوە سەردانی خانەیەکی بەساڵاچوانی کردووە، بەبێ ئەوەی خۆی ئاگاداری ئەوەبێت توشی ڤایرۆسی کۆرۆنابووە، 75 کەس لە بەساڵاچوان و کارمەندانی خانەکەی توشی ڤایرۆسەکە کردووە.

بەپێی هەواڵێکی میدیا بەلجیکییەکان لە کۆی 150 نیشتەجێی ئەو خانەیەی بەساڵاجوان تێستی 61 کەسیان بە پۆزەتیڤ هاتووەتەوە و هاوکات 14 کارمەندی خانەکەش توشی ڤایرۆسەکە بوون.

دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت کە ئەو کەسەی لە بەرگی بابا نوئێلدا سەردانی خانەکەی کردووە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنابووە و دوای سێ ڕۆژ نیشانەکانی ڤایرۆسەکە لەناو دانیشتوانی خانەکەدا دەرکەوتووە.

تەندروستی ئەو شارە کە ڕوداوەکەی تێدا ڕویداوە، دەڵێت، “کاتێک بابە نوئێلەکە سەردانی خانەکەی کردووە ماسکی نەبەستووە و هەروەها دانیشتوانی خانەکەش ماسکیان نەبەستووە و تێکەڵاویشان بەیەکەوە هەبووە”.

لە کاتی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تا ئێستا کۆبوونەوەی ئاینی و کۆمەڵایەتی بە یەکێک لە هۆکارەکانی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە دەستنیشانکراوە و ئەم کۆبوونەوانە بەتایبەت لە وڵاتە ئاینییەکاندا تا ماوەیەکی زۆر قەدەغەکرا، دوای هەڵگرتنی قەدەغەکەش بەپێی ڕێنمایی تەندروستی ڕێگە بە کۆبوونەوە ئاینی و کۆمەڵایەتییەکان دەدرێت.

 

بابەتی پێشتر

مەزڵوم عەبدی لەبارەی پێکدادانەکەی پەکەکە و پارتییەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە

بابەتی دواتر

نرخی دۆلار دابەزی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share