بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین دەستگیركردنی سێ كچی بە تۆمەتی دزیكردن راگەیاند.
بەپێی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، دوای ئەوەی هاوڵاتییەك سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی راپەڕینی كرد بە مەبەستی تۆماركردنی سكاڵا كە بە وتەی خۆی لەناو جانتاكەیدا لە بازاڕی رانیە دزی لێكراوە.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، پەڕاوی لێكۆڵینەوە رێكخرا و بە بڕیاری دادوەر و دوای بە دواداچوون و توانرا لە ماوەیەكی كەمدا سێ كەس دەستگیربكرێن كە تۆمەتباران لە رەگەزی مێ بوون و لە سەرووی تەمەنی 18 ساڵەوە بوون.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، دوای لێكۆڵینەوە تۆمەتباران لەبەردەم دادگادا دانیان ناوە بە تاوانەكانیان و بە بڕیاری دادوەر تۆمەتباران بەپێی ماددەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.