وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم رایدەگەیەنێت، لە چوارچێوەی پلانی ڕێكخستنەوەی هاتوچۆی دەوروبەری قەڵای هەولێردا، هەندێك لە شەقامەكانی دەوروبەری قەڵا، دەبنە شەقامی پیادە و ئۆتۆمبێل پێیاندا ناڕوات، هەروەها دوكانەكانی موڵكی شارەوانی، جارێكی دیكە ڕێكدەخرێنەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، كۆبوونەوەیەك لەبارەی ڕێكخستنەوەی شەقام و بەشێك لە دوكانەكانی دەوروبەری قەڵا كۆبوونەوە.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لەلایەن لیژنەیەكی تایبەت لە سەرۆكایەتیی شارەوانی هەولێر ئامادەكرابوو، دواتر ڕاپۆرتی پلانی ڕێكخستنەوەی هاتوچۆی دەوروبەری قەڵا خوێندرایەوە كە لەلایەن لیژنەیەك لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەولێرەوە ئامادە كرابوون و دواتر گفتوگۆی چڕ لەسەر هەردوو ڕاپۆرت كرا و سەرجەم تێبینییەكان خرانەڕوو.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، هەندێك لە شەقامەكانی دەوروبەری قەڵا، دەبنە شەقامی پیادە و ئۆتۆمبێل پێیاندا ناڕوات، هەروەها دوكانەكانی موڵكی شارەوانی، جارێكی تر ڕێكدەخرێنەوە كە سیمایەكی شارستانی بدات و بایەخێكی زۆرتریش بە لایەنی ژینگەپارێزی و پاكوخاوێنی دەدرێت.