عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی بەوەکالەت دەڵێت، “هەر کەسێك دۆلاری بە نرخی بازاڕ لە هەر بانک و کۆمپانیایەکی ئاڵوگۆڕكردنی دراو گۆڕییەوە، وەسڵەکەی بهێنێت بۆ بانکی ناوەندی، ئێمە جیاوازیی نرخەکەی بۆ دەگەڕێنینەوە و لەو بانک و کۆمپانیایەی دەبڕین”.
لەو بارەیەوە د. بڕیار رەشید ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران بە ئێستای راگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە لە ئەنجومەنی نوێنەران، د.عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی بەوەكالەتیان بانگهێشتکردووە و لەگەڵیدا کۆبوونەتەوە، گفتوگۆیانكردووە لەبارەی هەوڵەکانی بانکی ناوەندی بۆ سەقامگیرکردنی بەهای دۆلار.
ئەو پەرلەمانتارە ئاشكراشیكرد، کۆمەڵێک داواکارییان پێشکەشکردووە و پارێزگاری بانکی ناوەندی بەوەكالەت بەڵێنیداوە لە داهاتوویەکی نزیکدا جێبەجێبكرێن، لەوانە ئاسانکردنی حەواڵەی هاوڵاتییان بۆ دەرەوەی وڵات لە رێگەی بانكی وێسترن یونیۆن بە بڕی حەوت هەزار و 500 دۆلاری مانگانە بە نرخی فەرمی.
وتیشی، “لەسەر داواکاریی ئێمە و پشتبەست بە داواکارییەکی بانکی ناوەندیی هەرێم/ سلێمانی، پارێزگاری بانکی ناوەندی بە وەكالەت رایگەیاند کە کاردەکەن بۆ پێدانی مۆڵەت بەو بانکە و بانکەکانی تری سنووری سلێمانی و جەختیكردەوە، لە هەوڵدان ئاسانکاریی زیاتر بۆ پێدانی دۆلار بە هاوڵاتییان و بازرگانان بە نرخی فەرمی بكەن”.