ئەو کەسەی لە ڕوبەڕوبوونەوەکەی پەکەکەدا کوژرا “پێشمەرگە نییە”

ئەو کەسەی لە ڕوبەڕوبوونەوەکەی شەوی ڕابردووی هێزێکی پارتی دیموکراتی کوردستان و پەکەکەدا کوژرا سەربە وەزارەتی پێشمەرگە نییە و بەپێی زانیارییەکان خاوەنی ڕەگەزنامەی عێراقی نییە.

سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستانەوە بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “لەو 14 لیوایەی وەزارەتی پێشمەرگە هیچ لیوایەک ڕەوانەی ئەو ناوچەیە نەکراوە کە ڕوبەڕوبونەوەکەی تێدا ڕویداوە”.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ڕوداوەکە ئاشکرایکردووە ئەو کەسەی کە کوژراوە خەڵکی باکوری کوردستانە و بڕیارە تەرمەکەی لە زاخۆ بنێژرێت.

عوسمان کەریم سوارە، جێگری سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “مەرجەکانی دامەزراندنی پێشمەرگە پێشویستە خاوەنی ڕەگەزنامەی عێراقی بێت و باوک و دایکی عێراقی بن”.

بەپێی زانیارییەکان ئەو هێزەی ڕەوانەی ئامێدی کراوە و خاڵی پشکنینی لەو ناوچەیە داناوە سەربە هێزی زێرەڤانین، کە ڕاستەوخۆ سەربە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمن.

شەوی ڕابردوو 13 ی کانونی یەکەم، کاتێک ئۆتۆمبیلێکی چەکدارانی پەکەکە ویستوویەتی لە بازگەکەی هێزی زێرەڤانی تێپەڕێت نەوەستاوە و پاشان تەقەیان لێکردوون و ڕوبەڕوبونەوە دروستبووە، لەو ڕوداوەدا سێ چەکداری پەکەکە بە سەختی برینداربوون و ئەندامێکی هێزی زێرەڤانیش کوژراوە.

بابەتی پێشتر

نرخی دۆلار بەرزبووەوە

بابەتی دواتر

ئیل پایس: کومان و ڕیکی پوج لە ژووری جلگۆڕینەکان دەمەقاڵێیان بووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share