بەڵێنی چارەسەركردنی بەشێك لە گرفتەكانی گەرمیان دەدرێت

بەڕێوەبەری بانكی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی بەڵێندەدات بۆ تەواوکردنی پرۆژەی رێگای کەلار-دەربەندیخان هەفتانە 250 ملیۆن دینار بۆ كۆمپانیای جێبەجێكار دابینبكەن و شایستە داراییەكانی تەندروستیی گەرمیانیش كە مانگانە 150 ملیۆن دینارە بەردەوام بێت.

ئەو بەڵێنانەی ماکوان جەمیل، بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی ئەمڕۆ لەمیانەی كۆبوونەوەیدا بوو لەگەڵ جەلال شێخ نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و شاندێكی فەرمانگەكانی ناوچەكە.

لە كۆبوونەوەكەدا جەلال شێخ نوری باسی لەو پرۆژانەی گەرمیان کرد کە بەهۆی نەبوونی نەختینە کارکردن تێیاندا وەستاوە.

لای خۆیەوە ماکوان جەمیل وتی، بۆ تەواوکردنی پرۆژەی رێگای کەلار-دەربەندیخان، هەفتانە بڕی 250 ملیۆن دینار بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار دابیندەکەن و نەختینەی پێویستیش بۆ کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەی رێگای کەلار – کفری دابیندەکەن (لەو چێوەدا رێگای کفری- کارێز و توکن عەزیز قادر تەواودەکرێت)، بەڵام بەمەرجێک کۆمپانیای جێبەجێکاری هەردوو پرۆژەکە رێژەی ئەنجامدراوی بەرچاویان هەبێت.

هاوکات دوپاتیکردەوە، شایستە داراییەکانی تەندروستیی گەرمیان کە مانگانە 150 ملیۆن دینارە وەک خۆی بەردەوام دەبێت بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانیان و هەروەها بەپێی زیادکردنی کاش کاردەکەن بۆ دابینکردنی پارەی دەرمانی تەندروستی گەرمیان هاوشێوەی شارەکانی تر.

بۆ تەواوکردنی ئەو پرۆژانەی ئیدارەی گەرمیان کە لەسەر بودجە جیاجیاکان جێبەجێدەکرێن، بەڕێوەبەری بانكی ناوەندیی هەرێم داوایکرد ئیدارەی گەرمیان لیستی پرۆژەکان بەپێی گرنگی ئاڕاستەی بانکەكەیان بکات و ئەوان لای خۆیانەوە کاردەکەن بۆ دابینکردنی نەختینەی پێویست بۆ تەواوکردنیان.

راشیگەیاند، کاردەکەن بۆ ئەوەی شارەوانییەکانی گەرمیان و شارەوانی کەلار، داهاتی زیادەیان خەرج بکەن بۆ کار و پرۆژەکانیان.

بابەتی پێشتر

لە داستانەکەیدا باسی کەم ئەزموونیش دەکات؟

بابەتی دواتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی: یەكێتی پەرۆشیی گەیشتنە بە چارەسەری هەمیشەیی كێشەكانی هەرێم و بەغداد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share