حەمدیە جاف كێیە؟.. چیرۆكی ئەو ژنەی بە تۆمەتی گەندەڵی راپێچی زیندان كرا

حەمدیە مەحمود جاف

هەفتەی رابردوو دەستەی دەستپاكیی عێراق دەستگیركردنی بەڕێوەبەری پێشووی بانكی بازرگانیی عێراق (TBI) راگەیاند بەهۆی تۆمەتباركردنی بە چەند پرسێكی گەندەڵیی ئیداری و دارایی و بەهۆیەوە لەلایەن دادگاوە بە نائامادەبوون بە زیندانیكردن سزادرابوو.

دەستگیركردنەكەی حەمدیە جاف، بەڕێوەبەری پێشووی بانكی بازرگانی لە وڵاتی ئیمارات و هاوكات لەگەڵ سەردانێكی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراقدا بوو بۆ ئەو وڵاتە.

بەپێی دەستەی دەستپاكیی عێراق، تۆمەتبار زیانی بە سامانی گشتی گەیاندووە بە بڕی یەك ملیار و 116 ملیۆن و 24 هەزار و 778 دۆلار و، 90 ملیار و 786 ملیۆن و 20 هەزار و پێنج سەد دیناری عێراقی.

لە كانونی دووەمی 2021دا دادگای كەرخ تایبەت بە پرسەكانی دەستپاكی سزای حەمدیە جاف-ی بە پێنج ساڵ زیندانیكردن دیاریكرد، بەهۆی زیانگەیاندنی بە سامانی گشتی بە بڕی 40 ملیۆن دۆلار و ئاشكرایكرد، تۆمەتبار ئاسانكاری كردووە لە پێدانی ئەو پارەیە بە یەكێك لە بانكەكان، سەرەڕای لاوازیی زەمانەت و بەر لە تەواوكردنی مامەڵەی پێدانی قەرزەكە.

بەپێی میدیایەكی عێراقی حەمدیە جاف لەماوەی بەرپرسیارێتییەكەیدا لە بانكی بازرگانیی عێراقی زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلاری بە نایاسایی دەستكەوتووە، ئەمە جیا لەو پارانەی كوڕ و كچەكانی بردویانە.

لە چێوەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق لیژنەیەكی بۆ ریشەكێشكردنی گەندەڵی و تاوانە دەگمەنەكان پێكهێنا و بەپێی راپۆرتی لیژنەكە گەورە كەسانی سیاسی و دارایی لە گەندەڵی تێوەگلاون.

عێراق ساڵانێكە بەدەست گەندەڵی لە هەردوو كەرتی گشتی و تایبەت دەناڵێنێت، بەپێی ئامارەكان قەبارەی گەندەڵی لە ساڵی 2003ەوە زیاتر لە 400 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.

حەمدیە جاف كێیە؟
حەمدیە مەحمود جاف لە بانكی رافیدەین كاریكردووە، بەڵام ناوی لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوو ناوی دەركرد، بەهۆی (كەریم فەرمان)ی هاوسەریەوە كە لە بۆرسەی شەقامی كیفاح لە بەغداد كاریدەكرد زیاتر تێكەڵاوی بوارەكە بووە، تا ئەوكاتەی لە لقی حارسیە كاریكردووە و بەپێی وتارێك كە لەلایەن نووسەر (هایدە عامری)یەوە نووسراوە لەوكاتەوە دەستی بە كاری بانكی لە دەرەوەی یاسا كردووە و بەهۆیەوە جارێك سزادراوە.

ئەو نووسەرە دەڵێت، دوای هاتنی هێزەكانی ئەمریكا بۆ بەغداد حەمدیە جارێكی دیكە دەركەوتووەتەوە و راسپێردراوە بۆ كردنەوەی لقی سووتێندراو و تێكدراوی بانكی رافیدەین لە گەڕەكی مەنسور، ئەوكات بینای بانكەكە كراوەتە بارەگانی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی. توانیویەتی بە پاڵپشتیی هێزەكانی ئەمریكا بینای بانكەكە وەربگرێتەوە.

بەر لە روخانی رژێمی سەدام، ئەو لقەی بانكەكە وەك ئەژماریی بانكیی كەسی خێزانی سەدام حسێن مامەڵەی كردووە. حەمدیە جاف كاتێك چووەتە بانكەكە دیوارێكی بەدیكردووە كە بەهۆی شارەزاییەوە زانیویەتی دەروازەیە بەرەو ئەمبارێكی ژێرزەمینی، بۆیە داوای لە هێزەكانی ئەمریكا كردووە دیوارەكە بشكێنن و دوای ئەوە گەیشتن بە ئەمبارەكە سەرجەم زێر و شمەكە بەنرخەكانی ئەندامانی خێزانی سەدام تیایدا دۆزراونەتەوە وەك ئەو كاتژمێرانەی لەلایەن سەدامەوە وەك دیاری دەبەخشران، هەروەها شمشێر و سەرجەم ئەو كاسێتە ڤیدیۆیانەی بەڵگەی چالاكییەكانی سەدام بوون لەوكاتەوەی جێگری سەرۆك بووە تا 7ی نیسان تیاهەڵگیراوە، جگە لە شتومەكی گرانبەها و دراوی بیانی.

حەمدیە جاف وەك بەرپرسی لقی بانكەكە دەستبەكاردەبێت، دوای ساڵانێك بە بەڕێوەبەری بانكی بازرگانی بە وەكالەت دەستنیشان دەكرێت، بەر لەوەی پۆستەكە بە بنەڕەتی لەئەستۆبگرێت.

بانكی بازرگانیی عێراق یەكێكە لە بانكە حكومییەكان كە لە تەمموزی ساڵی 2003 بە سەرمایەی 100 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی دامەزرا و دوای كەڵەكەبوونی قازانجەكەی لە ساڵی 2008دا سەرمایەكەی بۆ نیو ترلیۆن دینار بەرزكرایەوە بە ئامانجی دواتر بەرزكردنەوەی بۆ یەك ترلیۆن دینار.

بانكەكە پێشتریش رووبەڕووی كێشەی هاوشێوە بووەوە و لە ئاكامیدا حسێن ئەزەری بەڕێوەبەرە پێشووەكەی هەڵهات، كە دەوترێت نزیكایەتی لەگەڵ ئەحمەد چەلەبی سەرۆكی كۆچكردووی كۆنگرەی نیشتمانیی عێراقی هەبووە.

كڕینی باڵەخانەیەك لە سلێمانی بە 15 ملیۆن دۆلار
بەپێی گرێبەستێكی بانكی بازرگانیی عێراقی، بانكەكە هۆتێلێكی لە گەڕەكی چوارباخ لە سلێمانی كڕیوە بە بڕی 15 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی.

میدیا عێراقییەكان بڵاویانكردەوە، لەم گرێبەستەدا گەندەڵیی گەورە كراوە، پێشتر شوان-ی كوڕی حەمدیە جاف باڵەخانەكەی بە بڕی سێ ملیۆن دۆلار لە یەكێك لە مامەڵەكارە قەرزدارەكانی بانكەكە بەناوی (عەبدوڵا) كرێوە، پاشان بە فرۆشتویەتی بە كەسێك بەناوی (حسێن ساڵح شەریف) و ئەویش لەماوەی دوو هەفتەدا بەو بڕە بە بانكەكەی فرۆشتووەتەوە.

بابەتی پێشتر

شۆکێکی ژینگەیی.. لە چیا بەفرینەکانی سویسرا رووەکی بیابانیی سەبار روواوە

بابەتی دواتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی پێشوازی لە تاقانەكانی كیمیابارانی هەڵەبجە كرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share