فشاری یەکێتی سەرۆک وەزیرانی ناچار بە لابردنی قائیمقامە عەرەبەکەی داقوق کرد

فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایانگەیاند، کە ئەمڕۆ لە ناو باڵەخانەی قائیمقامیەتی داقوق دژی دانانی قائیمقامێک لە نەتەوەی عەرەب مانگرتن دەستپێدەکەن، بەهۆی فشارەکانی فراکسیۆنی یەکێتییەوە ئەمڕۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە.

لەوبارەیەوە دیلان غەفور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، بەهۆی فشاری فراکسیۆنی یەکێتییەوە بڕیارەکە لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە هەڵوەشێنراوەتەوە و ئەو قائیمقامە عەرەبەی دانرابوو لادەبرێت.

راشیگەیاند، “بڕیاربوو ئەمڕۆ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەبەردەم قائیمقامیەتی داقوق ئەنجام بدەین بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر دانانی ئەو قائیمقامە عەرەبەی لەلایەن راکان جبورییەوە دانرابوو، بەڵام دوای ئەوەی بڕیارەکە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە هەڵوەشێنرایەوە بڕیارماندا کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە و مانگرتنەکەش رابگرین”.

دووێنێ سێشەممە فراکسیۆنی یەکێتی رایگەیاند، “پارێزگاری سەپێندراوی کەرکوک، بە پێچەوانەی یاسا و داوایەکی ئێمە و بە رەچاونەکردنی ھاوسەنگی لە پۆستەکانی ئیدارەی کەرکوک و قەزاکانی ئەو پارێزگایە، ھەستاوە بە دانانی قائیمقامی قەزای داقوق و پۆستەکەی داوە بە کەسێک لە پێکھاتەی عەرەب لەکاتێکدا ماف و پشکی پێکھاتەی کوردە”.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “ئێمە زۆر بە تووندی دژی ئەم بڕیارە دەوەستینەوە و داوای دەستێوەردانی بەپەلەی ئەنجومەنی وەزیران و بەڕێز سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەین”.

فراکسیۆنی یەکێتی رایگەیاندووە، “وەک بەشێک لە پەرلەمانتارانی کەرکوک سبەینێ لەناو بینای قائیمقامیەتی قەزای داقوق دەمێنینەوە تا ھاتنە سەرخەتی لایەنی پەیوەندیدار و راگرتنی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە”.

بابەتی پێشتر

بۆ یەكەمجارە لەسەر ئاستی هەرێم<br> لە سلێمانی خزمەتگوزارییەك بۆ خانەنشینان دەخرێتەكار

بابەتی دواتر

زانیاریی دزەپێکراو.. پنتاگۆن لێکۆڵینەوە لە تەنێکی نامۆ دەکات کە لە ئاسمانی موسڵ دەرکەوتووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share