کاروان گەزنەیی: وەزارەتی ناوخۆ بازرگانی بە مۆڵەتی شۆفێریی هاوڵاتییانەوە دەكات

پەرلەمانتارێك رایدەگەیەنێت، وەزارەتی ناوخۆ بازرگانی بە دەركردن و نوێكردنەوەی مۆڵەتی شۆفێرییەوە دەكات و لەجیاتی خزمەتکردن بە بەرژەوەندیی گشتی، كراوەتە خزمەتكردن بە كۆمپانیایەك.

کاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ بەبێ راگەیاندنی هیچ جۆرە تەندەرێک، کۆمپانیایەکی ئەڵمانی هێناوە بۆ نوێکردنەوە و دەرکردنی مۆڵەتی شۆفێری، هەر مۆڵەتێک ئەگەر لە بارێکدا شۆفێر هیچ پابەندی و پێشینەیی دارایی نەبێت نزیکەی 70 هەزار دینار تێچووی نوێکردنەوەی مۆڵەتەکەیەتی، بەڵام ئەگەر پابەندی پێشینەی بەهۆی تەواوبوونی ماوەی مۆڵەتەکەی هەبێت، ئەوا مانگانە بڕی پێنج هەزار و ساڵانە سەرووی 60 هەزار دینار دەبێت.

ئەو پەرلەمانتارە لە نووسراوێكدا لە ئەژمارەكەی مەترسییەكانی ئەو كارەی لە چەند خاڵێكدا دیاریكردووە و دەڵێت، یەکەم “ئەمە بە بازرگانیکردنی مۆڵەتی شۆفێرییە لە بری خزمەتکردن بە بەرژەوەندیی گشتی، ئەمە خزمەتکردنە بە کۆمپانیایەک و ئەوانەی کە دەکرێت هاوبەش و شەریکبن لەگەڵیدا!”.

دووەم “هەر هاوڵاتییەک مۆڵەت دەربکات، بێشک دەبێت هەموو زانیارییە کەسییەکانی بدات بە وەزارەتی ناوخۆ، ئەمەش خراپ بەکارهێندراوە لە رابردوودا و، مەترسی هەیە لەسەر مافی تاکەکەس لەڕووی زانیاری کەسییەوە!” وەك ئەوەی كاروان گەزنەیی ئاماژەی پێداوە.

لە خاڵی سێیەمیشدا دەڵێت، رۆتیناتێکی ئیداری زۆر دروستدەکات، چونکە بۆ هەر کۆدێک دەبێت چاوەڕوان بکرێت تا لە هەولێرەوە بە شێوەی ناوەندی دەگەڕێتەوە.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەرباری ئەوەی کە ئەم تەندەرە نایاساییە بۆ بەهەدەردان دراوە بە کەرتی تایبەت، ئێستا حکومەتی هەرێم لە بری وەرگرتنی باجێکی زۆر لە کۆمپانیاکە بۆ خزمەتی گشتی، لێخۆشبوونی هەموو رسوماتێکی بە رێژەی سەدا سەد بۆ هاوردەکردنی کارتەکان بۆ کردووە لە فڕۆکەخانە، کە ئەمەش دووبارە پێچەوانەی بەرژەوەندی گشتییە. واتا وەزارەتی دارایی لێخۆشبوونی سەدا سەدی بۆ کۆمپانیاکە کردووە بۆ هاوردەکردنی کارتەکان، لە کاتێکدا پارەکەی بە چەند هێندە لەسەر هاووڵاتییان هەژمار دەکەن.

روونیشیكردووەتەوە، “لە پێناوی چاکەی گشتی و ئەرکی پەرلەمانیمان، ئەم بابەتەمان ئاڕاستەی دەستەی دەستپاکی کردووە و بەهیواین ئەنجامی هەبێت”.

بابەتی پێشتر

نێچیرڤان بارزانی: بردنەوەی جامی کەنداو سەرکەوتنی تەواوی وڵاتە

بابەتی دواتر

بۆ یەكەمجارە لەسەر ئاستی هەرێم<br> لە سلێمانی خزمەتگوزارییەك بۆ خانەنشینان دەخرێتەكار

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share