فراکسیۆنی یەکێتیی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ناڕەزایی دژی دانانی کەسێک وەک قائیمقامی داقوق دەردەبڕێت کە لە نەتەوەی عەرەبە و داوا لە خەڵکی قەزاکەش دەکات سبەینێ بچنە بەردەم قائیمقامیەتی داقوق.
لە راگەیەندراوێکدا فراکسیۆنی یەکێتی بڵاویکردووەتەوە، “پارێزگاری سەپێندراوی کەرکوک، بە پێچەوانەی یاسا و داوایەکی ئێمە و بە رەچاونەکردنی ھاوسەنگی لە پۆستەکانی ئیدارەی کەرکوک و قەزاکانی ئەو پارێزگایە، ھەستاوە بە دانانی قائیمقامی قەزای داقوق و پۆستەکەی داوە بە کەسێک لە پێکھاتەی عەرەب لەکاتێکدا ماف و پشکی پێکھاتەی کوردە”.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “ئێمە زۆر بە تووندی دژی ئەم بڕیارە دەوەستینەوە و داوای دەستێوەردانی بەپەلەی ئەنجومەنی وەزیران و بەڕێز سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەین”.
فراکسیۆنی یەکێتی رایگەیاندووە، “وەک بەشێک لە پەرلەمانتارانی کەرکوک سبەینێ لەناو بینای قائیمقامیەتی قەزای داقوق دەمێنینەوە تا ھاتنە سەرخەتی لایەنی پەیوەندیدار و راگرتنی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە”.
داواش لە خەڵکی قەزای داقوق دەکەن سبەینێ لەبەردەم قائیمقامیەتی قەزاکە کۆببنەوە بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی.