بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، چل رۆژ لەمەوبەر فەرماندەیەكی قارەمان، پێشمەرگەیەكی چاونەترس، برا و هاوڕێیەكی شیرینمان چووە ریزی شەهیدان و بەڵێنەكەی خۆی بەرامبەر خاك و خەڵكەكەی بەجێهێنا، كە ئەمەش ئاكاری هەمیشەیی پێشمەرگە و فەرماندە تێكۆشەرەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە و هەرواش دەبێت.
سەرۆكی یەكێتی دەڵێت، “ئەوەی كاك ئاكام لە جەنگی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی خاكی كوردستاندا ئەنجامیدا، زۆر لەوە زیاتر و گەورەتربوو كە لێی چاوەڕێدەكرا. ئەو بە تەمەنێكی كەم و لێهاتووییەكی زۆرەوە داستانێكی تۆماركرد كە بۆ هەمیشە لە یادەوەریماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە و بە شانازییەوە لە مێژوودا دەنووسرێتەوە”.
لە پەیامەكەی بافڵ جەلال تاڵەبانیدا هاتووە، “بەڵێنی خۆمان بۆ ڕۆحی شەهید ئاكام و هەموو هاوسەنگەرەكانی دووپاتدەكەینەوە كە خەبات و ماندووبوونەكانی ئەو فەرماندەیەمان لەیاد ناكەین و درێژەی پێدەدەین، كوردستان وەك چاومان دەپارێزین و هێزی كۆماندۆی كوردستان كە بەرهەمی هەوڵ و تێكۆشانی ئەو برایەمان بوو، گەورەتر و پتەوتر دەكەین و دروود بۆ رۆحی شەهید ئاكام عومەر و سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی كوردستان”.