ئەو سوریانەی بوونە تەرمێکی باسنەکراوی جەنگی قەرەباغ

جەنگ تەواوبوو، بەرەی سەرکەوتن و دۆڕاو لە جەنگەکەدا دیاریکرا، ئازەربایجان ئاهەنگی سەرکەوتنی گێڕا و تەنها سوپاسی تورکیایکرد کە هاوکاری ئەوانیکردووە لە شەڕەکەدا، بەڵام ئەوەی باسنەکرا و تەنانەت دانیپێدا نەنرا کە بەشداری شەڕیان کردووە ئەو سوریانە بوون کە لەلایەن تورکیاوە ڕەوانەی بەرەکانی جەنگی قەرەباغ کران.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، کۆماری ئازەربایجان ئاهەنگی سەرکەوتنی گێڕا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیاشی بانگهێشتی ئاهەنگەکەکرد، لەوێ ئەردۆغان تەنها باسی مافی ئازەرییەکانی کرد لە ناوچەکە و تەنانەت لێدوانەکەی ئەردۆغان بووەهۆی توڕەیی ئێرانیش.

زیاتر لە هەزار چەکداری سوری لەلایەن سوپای تورکیاوە بە سودوەرگرتن لە کۆمپانیای ئاسمانی ئازەربایجانی لە ئیستەنبولەوە گواسترانەوە بۆ قەرەباغ و هەرچەندە ئاماری تەواو لەبەردەستدا نیە، بەڵام نزیکەی 100 چەکداری سوری لە شەڕەکەدا کوژران.

وەک چەکدارەکان باسیانکردووە سەرەتا پێیان وتوون دەچنە ئەو شوێنانەی کە سوپای ئازەبایجان چۆڵیکردووە و ڕۆشتووە بەرەو بەرەکانی پێشەوەی جەنگ، ئەمان تەنها شوێنی خاڵی سوپا پڕدەکەنەوە لە دوورەوەی بەرەکانی جەنگ، کەچی کاتێک خۆیان بینوەتەوە لە پێشی پێشەوەی جەنگەکەوە بوون.

چەکدارەکان بۆچی ڕۆشتن بۆ شەڕێک پەیوەندی بەوانەوە نییە؟

هۆکاری سەرەکی ڕۆشتنی چەکدارە سورییەکان بۆ جەنگی قەرەباغ، تەنها هۆکاری ئابوریی بوو، چونکە ئەو شوێنەی ئەوان بۆی دەچوون هیچ پەیوەندییەکی نیشتمانی یان ڕەگەزی بەوانەوە نەبوو.

یەکێک لەو چەکدارانەی کە چووەتە ئازەربایجان، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کەناڵی بی بی سی دەڵێت، “بە ئێمەیان وت تەنها لە بازگەی پشکنین و شوێنی سەلامەت دادەنرێن بە مانگانەی نزیکەی دوو هەزار دۆلار، کە ئەمە پارەیەکی باشبوو، بۆیە ڕەزامەندبووین لەسەر ئەرکی ئەوان ئێمە ڕەوانەی قەرەباغ بکەن”.

چەکدارێکی دیکە کە ئەویش بۆ هاوکاری ئازەربایجان ڕۆشتووەتە قەرەباغ چیرۆکی خۆی بەم شێوەیە بۆ بی بی سی دەگێڕێتەوە، “هاوڕێکەم بە منی وت ئەمە ئیشێکی باشە و پارەیەکی زۆر تێدایە، لە کاتێکدا هێندەی سوریا مەترسی تێدا نییە، بەڵام کاتێک ئێمە چوینە ئەوێ بردنیان بۆناو شەڕێکی گەورەی نێوان دوو وڵات”.

هۆکاری هەژاری چەکدارە سورییەکان چییە؟

چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکان لە پارێزگای ئیدلیب لە بۆشای ئیداری حکومەتدا ماونەتەوە، هیچ بانکێک لە دونیادا دان بە هیچ جۆرە پارەیەکدا نانێت کە ئەگەر لەلایەن دەسەڵاتی چەکدارانەوە لە پارێزگای ئیدلیب دروستبکرێت، لە هەمان کاتدا حکومەتی سوریا هەموو پەیوەندییەکی ئابوری و بازرگانی لێبڕیوون و هەرکاتێکش بیەوێت کۆبوونەوەی چەکدارەکان بۆردومان دەکات، ئەمە وایکردووە دۆخێکی ئابوری سەخت لە پارێزگای ئیدلیب بگوزەرێت.

تورکیا بە فەرمی ئیدارەی خۆی نەبردووەتە پارێزگای ئیدلیب و تەنها لە ڕوی سەربازییەوە حوکمی ناوچەکە دەکات، ئەمەش وایکردووە وەک ناوچەکانی دیکەی وەک سەرێکانێ و عەفرین نەبێت کە بتوانن مامەڵە بە دراوی تورکییەوە بکەن، بۆیە بۆشای حوکمی لە پارێزگاکە دۆخێکی ئابوری قورسی وەهای دروستکردووە کە چەکدارەکان بۆ بڕە پارەیەک دەچنە بەرەکانی جەنگەوە.

 

بابەتی پێشتر

ئونزوێ: هەندێک لە یاریزانان بەرگەی یاریکردن لەگەڵ مێسی ناگرن

بابەتی دواتر

ڕیاڵ یان ئەتلەتیکۆ؟ دێربی مەدرید بە ژمارە..

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share