سەرۆك وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، حكومەتەكەی لە ئامادەكارییەكانی كۆتایی پڕۆژەیاسای بودجەدایە و دەشڵێت، نرخی دۆلار بە بڕیاری حكومەت بەرزنەبووەتەوە و پاڵپشتیی بانكی ناوەندی دەكەن بۆ سەقامگیركردنی نرخی دینار.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە وتارێكدا رایگەیاند، سەرپەرشتی ئامادەكارییەكانی كۆتایی پڕۆژەیاسای بودجە دەكەن، جیاوازە لە ساڵانی رابردوو، بۆ یەكەمجارە یاسای بودجە لە چێوەی بەرنامەی حكومیدایە.
سودانی لەو وتارەیدا، كە لە رێوڕەسمی 20هەمین ساڵیادی تیرۆركردنی محەمەد باقر حەكیم، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە عێراق لە بەغداد پێشكەشیكرد، وتیشی، “حكومەت درێژە بە پاڵپشتییەكانی بۆ بانكی ناوەندیی عێراق دەدات بۆ گەڕاندنەوەی ئاڵوگۆڕی دۆلار بۆ نرخی فەرمی، ئەمەش بەشێكە لە دەستەوارەیەكی ئابوری كە پێویستی بە رووبەڕووبوونەوەی ئازایانە و چارەسەری سەركەوتووانەیە بۆ كۆتاییهێنان بە سیاسەتە داراییە هەڵەكان كە بۆ حكومەتی ئێستا ماونەتەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەیەك بڕیاری ئازایانەیان گرتووەتەبەر بۆ پاڵپشتیی دیناری عێراقی و سەقامگیركردنی، هۆشداریش دەدەنە ئەوانەی دەیانەوێت قۆرغی قەیرانەكە بكەن و یاری بە پێداویستییەكانی خەڵك بكەن.
سودانی دووپاتیشیكردەوە، نرخی ئاڵوگۆڕ بەهۆی بڕیاری حكومەتەوە بەرزنەبووەتەوە، بەڵكو هەندێك هەن قۆرغی دۆخە كاتییەكە و ناسەقامگیرییەكانی بازاڕیان كردووە.
سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەشكرد، ئەركی دەوڵەت پلاندانان، پەرەپێدان و چارەسەری گرفتەكانە، لەگەڵ هێنانەدی هەلی ئابوری و رەخساندنی هەلی كار بۆ هەردوو كەرتی گشتی و تایبەت.