بەرپرسێكی ئەمنی بە پلەی عەقید لە پارێزگای هەولێر رفێندراوە و هێزە ئەمنییەكان زانیاریی لەبارەی دۆسیەكەوە ئاشكراناكەن.
عەقید بەھزاد حسێن پلەدار لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی گومرگی هەرێمی كوردستان، دوێنێ پێنجشەممە لە ناوچەی كانی قڕژاڵەی هەولێر رفێندراوە و تا ئێستا بێسەروشوێنە.
عەمید حەیدەر عومەر عەلی بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی گومرگی هەرێم، هەواڵەكەی بۆ ئێستا پشتڕاستكردەوە و رایگەیاند، دوێنێ پێنجشەممە عەقید بەھزاد حسێن دوای دەوام لە ناوچەی كانی قڕژاڵە رفێندراوە و هیچ زانیارییەك لەبارەی دۆسیەكەوە نییە.
عەقید بەھزاد حسێن خەڵكی ئاكرێیە و سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانە، بەپێی زانیارییەكان، لە لایەن دوو ئۆتۆمبێلی جام رەش و ژمارەیەك چەکدارەوە رفێندراوە و بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی گومرگ بە ئێستای وت، پەیوەندییان بە لایەنە ئەمنییەكانەوە كردووە، بەڵام هیچ وەڵامێكیان نەداونەتەوە.