ترەمپ: کەمتر لە 24 کاتژمێری داهاتوو دەستدەکەین بە بەکارهێنانی ڤاکسینەکەی فایزەر

بەرپرسانی تەندروستیی ئەمریکا، ئەمڕۆ شەممە 12ی کانونی یەکەم ئاشکرایانکرد کە ڕەزامەندییانداوە لەسەر بەکارهێنانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنای کۆمپانیای فایزەر، دۆناڵد ترەمپیش دەڵێت، “لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێری داهاتوودا دەستدەکەین بە بەکارهێنانی”.

دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA) ڕایگەیاند، “ڕەزامەندییان داوە لەسەر بەکارهێنانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنای کۆمپانیای فایزەر، پێشنیاری بەکارهێنانی ڤاکسینەکەش دەکات لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا”، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئەمریکا دوای ئەوەی 292 هەزار هاوڵاتیی ئەو وڵاتە بە کۆرۆنا گیانیانلەدەستدا.

لەلایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردووەتەوە لەسەر پەسەندکردنی ڤاکسینەکە لەلایەن دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA)ەوە دەڵێت، “لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێری داهاتوودا دەستدەکەین بە بەکارهێنانی ڤاکسینەکە”.

ترەمپ دەشڵێت، “ڤاکسینەکەی فایزەر پێوەرەکانی سەلامەتیی تێدایە، بۆ هەموو هاوڵاتییەکی ئەمریکییش بەکاردەهێنرێت”.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە کە وڵاتەکەیان ئەمڕۆ موعجیزەیەکی پزیشکیی بەدەستهێناوە، کە ڤاکسینێکی چالاک و سەلامەتە و لەماوەی نۆ مانگدا بەرهەمهاتووە.

پێشتر ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویکردەوە، “کۆشکی سپی سەرۆکی دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکای ئاگادارکردووەتەوە و ‘هەڕەشەی لێکردووە’ کە ئەگەر ڤاکسینەکەی فایزەر پەسەند نەکات دەردەکرێت و دەبێت دەستلەکارکێشانەوە پێشکەش بکات”.

بابەتی پێشتر

ئەو چالاکوانە ئێرانییەی لە عێراق دەستگیرکرا بەیانی ئەمڕۆ لە سێدارەدرا

بابەتی دواتر

کازمی لە سەردانێکیدا بۆ تورکیا دۆسیەی سیاسی و ئابوری تاوتوێ دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share