فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، پڕۆژەی مریشكی دایكانە 100 ملیۆن مریشكی خواردن بەرهەمدەهێنێت كە دەكاتە نزیكەی 200 ملیۆن كیلۆ گۆشت و تەواوی پێویستیی ناوخۆیی هەرێم لە مریشك پڕدەكاتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، پڕۆژەی مریشكی دایكانە بریتییە لە هاوردەكردنی جوچكە لە وڵاتی سكۆتلەندا بۆ هەرێمی كوردستان و بەخێوكردنیان لە ناوخۆدا، تاوەكو بۆ خواردن ئامادەبكرێن و خواست لە بازاڕدا پڕبكەنەوە.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە كە ئەو جۆرە مریشكانە ساڵانە نزیكەی 170 بۆ 175 هێلكە دەكەن و بەرهەمی ساڵانەیان 100 ملیۆن مریشكی خواردن دەبێت و دەكاتە نزیكەی 200 ملیۆن كیلۆ گۆشت.
كاوە مستەفا، بەڕێوەبەری پڕۆژەكە رایگەیاندووە، “پڕۆژهی ڕاسۆن بۆ بەرهەمهێنانی گۆشت و هێلكە پێویستیی بازاڕی ههرێمی كوردستان و بهشێك له بازاڕهكانی عێراق پڕدهكاتهوه، بە شێوەیەك دەتوانین 40% بۆ 50%ی خواستی بازاڕی عێراق پڕبكهینهوه”.
ئەمە لە كاتێكدایە ساڵانە چەندین جار قەیرانی گرانبوونی نرخی مریشكی خواردن لە هەرێمی كوردستان سەرهەڵدەدات و نرخی كیلۆیەك مریشك بۆ دوو هێندە و سێ هێندە بەرزدەبێتەوە.