عەلی حەمەساڵح رایدەگەیەنێت، لەسەر سكاڵای كۆمپانیای جێبەجێكاری كامێرای پۆینت تو پۆینت لەلایەن دادگای بەرایی سلێمانییەوە بە 90 ملیۆن دینار سزادراوە.
عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە نووسینێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ لەلایەن دادگای بەرایی سلێمانی بڕیاری سزادانی دراوە بە 90 ملیۆن دینار تا بدرێتە کۆمپانیای تایبەت بە کامێرای دیاریکردنی تیژڕەوی.
سەرسوڕمانیش دەردەبڕێت و دەڵێت، “حوکمڕانی و دادگایەکی سەیر! بەرگری لە مافی گشتی بکەیت! سزات بدەن!”.
ئەو پەرلەمانتارە روونیشیدەكاتەوە، حکومەت خۆی 98 کامێرای دیاریکردنی تیژڕەوی هەبووە و دیار نیە! ئێستا نابێت دوو کۆمپانیا لە دوو زۆنەکە 475 کامێرا بە سیستمی پۆینت توو پۆینت دابنێن و 70%ی داهات لە سەرەتا بۆ کۆمپانیا بێت.
عەلی حەمەساڵح لەبارەی دانانی كامێراكانیشەوە دووپاتیدەكاتەوە، پێچەوانەی یاسایە و بۆ دەوڵەمەندکردنی چەند کەسێکە و بارگرانیی گەورە بۆ خەڵک دروستدەکات.
سەبارەت بە دانیشتنەكەی دادگاش ئەوە دەخاتەڕوو، “هەموو بەڵگەکانم خستە بەردەم دادگا، بەڵام ئامادەنەبوون گفتوگۆی بەڵگەکان بکەن (…) ئەگەر پێتانوایە ئەم سزایە بۆ ئەوەیە من پاشەکشە بکەم و تەنازولتان بۆ بکەم زۆر هەڵەن. هەموو رێگایەک دەگرمەبەر بۆ رێگری لە هێنان و دانان و بەڕێوەبردنی کامێرای تیژڕەوی بەم سیستمە لە لایەن کۆمپانیاوە”.