ڕوباری ئاراس پەیوەندی نێوان تورکیا و ئێران ئاڵۆزدەکات

ڕۆژی پێنجشەممە 10 ی کانونی یەکەم، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی ئازەربایجانیکرد بۆ بەشداری لە مەراسیمی “سەرکەوتن” و لەوێ شیعرێکی ئازەربایجانی بەناوی “ئاراس” خوێندەوە، ئەم شیعرە وایکرد وەزیری دەرەوەی ئێران لەسەری بێتەدەنگ.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغا، سەرۆککۆماری تورکیا، لە شیعرەکەیدا کە بەناوی ئاراس خوێندییەوە باس لە مافی ئازەرییەکان دەکات لەسەر ڕوباری ئاراس و ئێرانیش پێی وایە جوڵاندنی ئەم دەستەواژەیە وەک دەستوەردانە لە کاروباری ئازەرییەکانی ناو کۆماری ئیسلامی ئێران.

محەمەد جەواد زەریف، لە تویتێکدا ئەمڕۆ ڕایگەیاندووە، “ئەردۆغان نازانێت بەو شیعرە هەڵەیەی خوێندویەتییەوە باس لە جیابوونەوەی دانیشتوانی باکوری ڕوباری ئاراس دەکات، کە ئەوان زێدی خۆیان ئێرانە”.

زەریف ڕاشیگەیاندووە، “هیچ کەسێک بۆی نییە لەبارەی ئازەربایجانی ئێمەوە قسە بکات”.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە کاتی بەشداریکردنی ئەو مەراسیمەی ئازەربایجان ناویهێناوە بە سەرکەوتن بەسەر ئەرمینیادا داوای کۆتایهێنان بە دەوڵەتی ئەرمینیای کرد و ئەو پێی وابوو ئازەرییەکان خاوەنی ڕوباری ئاراسیشن.

ڕوباری ئاراس دەریای ڕەش بە دەریای خەزەرەوە دەبەستێتەوە و بە درێژای هەزار و 72 کیلۆمەتر سنوری چوار وڵات دەبڕێت یان سنوری چوار وڵات دیاریدەکات.

ئاراس لە بەرزاییەکانی ئەنادۆڵەوە لە نزیک دەریای ڕەش هەڵدەقوڵێت و بە سنوری ئەرمینیا و تورکیادا دێتەخوارەوە، لە هەمان کاتدا سنوری ئەرمینیا و ئێران و ئازەربایجان و ئێران دیاریدەکات.

 

ڕوباری ئاراس بۆ کورد چییە؟

ڕوباری ئاراس بۆ کوردیش ئاشنایە و چەندین کوردی دانیشتوانی قەرەباغ و کوردستانی سوری جاران ناوی منداڵەکانیان بەناوی ئەم ڕوبارەوە ناوناوە.

بەهەمان شێوە بۆکوردی باشوری کوردستانیش ناوەکە ئاشنایە، چونکە کاتێک لە ساڵی 1946 دا کۆماری مهاباد لەلایەن دەسەلاتی شای ئێرانەوە کۆتایی پێهێنرا، بەشێک لە پێشمەرگەکان لەو ڕوبارەوە خۆیان پەڕاندەوە و خۆیان گەیاندە ئازەربایجان، کە ئەوکات هەرێمێک بوو لە یەکێتی سۆڤیەت.

ئەو پێشمەرگانەی کە ڕوباری ئاراسیان تێپەڕاند بەشێکی زۆریان خەڵکی باشوری کوردستان بوون و لەگەڵ مستەفا بارزانی ڕۆشتبوون، بەشێکیشان لەو کەسایەتیانەبوون کە دوای ڕوخانی کۆماری مهاباد چونە ئازەربایجان وەک نوسەر و سیاسی کورد ڕەحیمی قازی.

بابەتی پێشتر

ئەو جەنگەی 100 کاتژمێری خایاند

بابەتی دواتر

پەرلەمانتارێکی عێراق باسی دەستوەردانی سەربازی دەکات لە هەرێم

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share