تاڵیبان ئارایشتگاکانی جوانکاریشی داخست

تاڵیبان هەنگاوەکانی بۆ سەرکوتکردنی ژنان بەردەوامە، ئەمڕۆ سێشەممە، حکومەتی تاڵیبان وادەی 10 ڕۆژی دیاریکرد بۆ داخستنی ئارایشتگاکانی جوانکاریی ژنان لە ئەفغانستان.

بەپێی سەرچاوەکانی ئەو وڵاتە، تاڵیبان بڕیاریداوە رێگری لە کارکردنی کچان بکات لە ناوەندە بازرگانییەکان و ئارایشتگاکانیش بە هەموو شێوەیەک قەدەغە دەکات.

لە 22ی کانونی یەکەمدا تاڵیبان فەرمانی بە ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە ئەفغانستان کرد بۆ ئەوەی رێگری لە کارکردنی ژنان لەو ڕێکخراوانەدا بکەن، بەبێ ئەوەی دیاریبکات کە ئایا ئەو فەرمانانە کرێکاری بیانی دەگرێتەوە یان نا.

ئەم راگەیاندنە تەنها چوار ڕۆژ دوای ئەوە هات کە حکومەتی تاڵیبان بڕیاریدا بۆ ماوەیەکی نادیار رێگری لە خوێندنی ژنانی ئەفغانستان بکات لە زانکۆ حکومی و ئەهلیەکان.

هەرچەندە تاڵیبان دوای گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات لە مانگی ئابی 2021 بەڵێنیدا کە نەرمییەکی زیاتر نیشان بدات بەرامبەر مافەکانی ژنان، بەڵام بە خێرایی پاشگەزبووەوە لە بەڵێنەکانی.

لە ماوەی 16 مانگی رابردوودا تاڵیبان رێوشوێنی سنووردارکردنی زیاد کردووە، بەتایبەتی دژی ژنان، کە وردە وردە لە ژیانی گشتی دووریاندەخاتەوە.

هەروەها بە بڕیاری تاڵیبان ژنان لە زۆربەی کارە گشتییەکان دوور دەخرێنەوە یان مووچەیەکی کەمیان پێدەدرێت بۆ ئەوەی لە ماڵەوە بمێننەوە.

یەکێک لە بڕیارەکان دەڵێت، ئیتر ژنان بۆیان نییە سەفەر بکەن بەبێ ئەندامێکی خێزانی نێر، و دەبێت باڵاپۆشی تەواو “پەچە” لەبەر بکەن.

لە مانگی نۆڤەمبەردا بزووتنەوەکە ژنانی لە پارک و باخچە و هۆڵەکانی وەرزش و مەلەوانگەی گشتی قەدەغە کرد.

بابەتی پێشتر

پەرلەمانی عێراق هەفتەی داهاتوو کۆدەبێتەوە

بابەتی دواتر

چی نوێ لە مۆبایلی ئایفۆن15دا هەیە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share