نێچیرڤان بارزانی: ده‌بێ به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی کوردستان ئامانجی سه‌ره‌کیی هه‌موومان بێت

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان

سەرۆكی هەرێم لە پەیامێكدا بە بۆنەی ساڵی نوێ رایدەگەیەنێت، كارده‌كه‌ين بۆ باشترکردنی ژیان و گوزه‌رانی هاووڵاتیان و دەشڵێت، ده‌بێ به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی کوردستان ئامانجی سه‌ره‌کیی هه‌موومان بێت.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێكدا بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێ رایگەیاند، ساڵى تازه‌ى زايينى له‌ خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هيدان، پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و هێزه‌ ئه‌منییه‌کان، له‌ ته‌واوى گه‌لى كوردستان و عێراق و جيهان پيرۆز ده‌كه‌م. ئومێده‌وارم ساڵى به‌ديهاتنى هيواكان و سه‌ركه‌وتن، بڕانه‌وه‌ى شه‌ڕ و ئاڵۆزى و په‌تا و ناخۆشييه‌كان بێت، ئارامى و ئاسايش و سه‌قامگيرى، باڵ به‌سه‌ر ته‌واوى مرۆڤايه‌تيدا بكێشێت.

نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت، “ده‌بێ به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی کوردستان، ئامانجی سه‌ره‌کیی هه‌موومان بێت. با له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنى ساڵى تازه‌دا‌، يه‌كڕيزى، ته‌بايى، پێكه‌وه‌يى، يه‌كترقبووڵكردن و هاريكاريى هاوبه‌ش، بكه‌ينه‌ لاپه‌ڕه‌يه‌كى نوێى په‌يوه‌نديى نێوان هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و هه‌موو پێكهاته‌كانى هه‌رێمى كوردستان. پێكه‌وه‌ كاربكه‌ين بۆ پاراستن و مسۆگه‌ركردنى مافه‌ ده‌ستوورييه‌كان و فيدراڵى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى فيدراڵى عێراق له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور”.

سەرۆكی هەرێم دووپاتیشیدەكاتەوە، هه‌رێمى كوردستان ئه‌رك و به‌رپرسيارێتى هاوبه‌شى خۆى جێبه‌جێ ده‌كات و وه‌ك هه‌ميشه‌ فاكته‌رى ئارامى و سه‌قامگيرى ده‌بێت، بۆ هه‌موو هاوكارييه‌كيش ئاماده‌يه‌ له‌پێناو رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ته‌حه‌دييه‌كان و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى وڵاتدا، بۆ به‌ديهێنانى ئارامى و سه‌قامگيريى سياسى و ئه‌منى له‌ عێراق، به‌شێوه‌يه‌ك ماف و شايسته‌كانى هه‌موو پێكهاته‌كانى وڵات پارێزراو بن.

ئاماژەشدەدات، كارده‌كه‌ين بۆ باشترکردنی ژیان و گوزه‌رانی هاوڵاتیان، بۆ قوڵكردنه‌وه‌ى زياترى فره‌يى، پێكه‌وه‌ژيان، لێبورده‌يى، پاراستنى ديموكراسى، مافه‌کانی مرۆڤ، یه‌کسانی و ئازادييه‌كان. به‌ ئومێد و گه‌شبينييه‌وه‌ له‌ ساڵى نوێ و داهاتوو ده‌ڕوانين.

بابەتی پێشتر

سلێمانی.. بەهۆی غازی سۆپاوە گەنجێك گیانیلەدەستدا

بابەتی دواتر

لە هەولێر دوو ئۆتۆمبێل كەوتنە ئاوەڕۆیەكەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share