فەیسبووک بەهۆی دزەپێکردنی زانیاریی بەکارهێنەرانەوە 725 ملیۆن دۆلار سزا دەدرێت

کۆمپانیای مێتا کە بە دایکی “فەیسبووک” دادەنرێت رەزامەندیی نیشانداوە بە پێدانی بڕی 725 ملیۆن دۆلار بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو دۆسیەی دژی جوڵێنراوە.

“مێتا” بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی دزەپێکردنی زانیاریی بەکارهێنەرانی کە دایکی کۆمپانیای پەیوەندییەکانی “فەیسبووک”ـە، رەزامەندیی نیشانداوە لەسەر پێدانی بڕی 725 ملیۆن دۆلار، کە ئەو دۆسیەیە ماوەیەکی زۆرە دژی جوڵێنراوە و درێژەی کێشاوە.

دۆسیەکە فەیسبووک تۆمەتبار دەکات بەوەی کە رێگەی بە کۆمپانیای کامبریج ئەنالیتیکا داوە بۆ دزەپێکردنی زانیاریی تایبەتیی بەکارهێنان و لادان لە پرەنسیپەکانی پاراستنی نهێنی بەکارهێنەران.

کێشەکە ماوەی چوار ساڵە بەردەوامە و ئەوکاتە دەستیپێکرد کە کۆمپانیاکە ئاشکرایکرد کۆمپانیای Cambridge Analytica کە تایبەتە بە شیکاریی داتاکان، زانیارییە تایبەتییەکانی نزیکەی 87 ملیۆن بەکارهێنەری لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی پێشووی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بەکارهێناوە.

دزەپێکردنی زانیارییەکان قەیرانێکی گەورەی جیهانیی بۆ فەیسبووک دروستکرد، ئەمەش وایکرد دۆسیە دژی بجوڵێنرێت و ناچاربکرێت بە پێدانی سزای دارایی.

ئەو داوایە بریتی بوو لە وەرگرتنی ملیۆنان بەڵگەنامە لە کۆمپانیای “فەیسبووک” لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی پەیوەندیدار بەو قەیرانە و هەروەها گوێگرتن لە دەیان کارمەندی ئێستا و پێشووی فەیسبووک.

بەکارهێنەران مەزەندەیان کردووە کە لە نێوان 250 بۆ 280 ملیۆن کەس ڕەنگە مافی وەرگرتنی پارەیان هەبێت وەک بەشێک لە یەکلاییکردنەوەی رێکارەکان، لە کاتێکدا ئەو یەکلاییکردنەوەیە لە چاوەڕوانی پەسەندکردنیدایە لەلایەن دادگاوە، کە بڕیارە لە مانگی ئازاری ساڵی داهاتوودا یەکلاییببێتەوە.

بابەتی پێشتر

دوو كەس زیندانیدەكرێن "بۆریی نەوت"ـیان كونكردووە

بابەتی دواتر

خۆپیشاندان لە كەركوك دەستیپێكرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share