یونسێف: 20 ملیۆن منداڵ رووبەڕووی قەیرانی کارەساتبار دەبنەوە

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدەدات لە بەرزبوونەوەی ژمارەی ئەو منداڵانەی لە قەیراندان، رایگەیاندووە، لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا ژمارەکە لە وڵاتانی ئەفریقا بۆ دوو هێندە بەرزبووەتەوە، هۆکارەکەشی وشکەساڵی و قەیرانەکانی پەیوەست بەو کێشەیەن.

رێکخراوی یونسێفی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، تەنها لە سێ وڵاتی ئەفریقا “ئەسیوپیا و کینیا و سۆماڵ” نزیکەی 20.2 ملیۆن منداڵ رووبەڕووی مەترسیی برسێتی، تینوێتی و نەخۆشیی جۆراوجۆر دەبنەوە، ئەوە لە کاتێکدایە لە مانگی تەمموزی رابردوودا ژمارەکە 10 ملیۆن منداڵ بووە.

بەپێی رێکخراوەکە ئێستا نزیکەی دوو ملیۆن منداڵ پێویستیان بە چارەسەری بەپەلە هەیە، بەهۆی ئەوەی تووشی بەدخۆراکیی توند بوون و هۆکارەکەشی ئەو برسێتییە سەختەیە کە رووبەڕوویان بووەتەوە.

یونیسێف دەشڵێت، نزیکەی دوو ملیۆن و 700 هەزار منداڵ بە هۆی وشکبوونەوەی جەستەیان و برسێتییەوە وازیان لە چوونە قوتابخانە هێناوە، هەروەها نزیکەی 4 ملیۆن منداڵی دیکەش هەن کە مەترسیی نەچوونە قوتابخانەیان لەسەرە .

یونیسێف هۆشداریدا لەوەی لەگەڵ زیادبوونی فشارەکانی سەر خێزانەکان، منداڵان ڕووبەڕووی کۆمەڵێک مەترسیی زۆر دەبنەوە، لەوانە کارکردن منداڵان و هاوسەرگیریی منداڵان.

لیک فان وتیدوایل، جێگری بەڕێوەبەری هەرێمی یونیسێف بۆ ڕۆژهەڵات و باشوورئەفریقا دەڵێت، “بەپەلە پێویستمان بە هەوڵێکی جیهانییە بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری و سەرچاوەکانی دابینکردنی پێداویستیی ئەو منداڵانە بۆ کەمکردنەوەی زیانە وێرانکەر و قەرەبوونەکراوەکان کە بەر منداڵان کەوتووە”.

بابەتی پێشتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامی هاوخەمیی بۆ هێرشەکەی پاریس بڵاوکردەوە

بابەتی دواتر

بەهای پشكەكانی تێسلا لە بازاڕدا 85 ملیار دۆلار لەدەستدەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share