بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەزڵوم كۆبانێ لە رۆژئاوای كوردستان كۆبوونەوە

لە رۆژئاوای کوردستان بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و مەزڵوم كۆبانێ، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) کۆبوونەوە.

‌‎لە کۆبوونەوەکەدا كە وەھاب ھەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر ئامادەبوو، دۆخی سیاسیی رۆژئاوا و ھەرێمی کوردستان و پێشھاتە سیاسییەکانی پەیوەست بە پرسی کورد تاوتوێکرا و جەخت لە چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان کرایەوە، وەك ئەوەی لە راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە.

‌‎مەزڵوم كۆبانێ خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەكەی بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ رۆژئاوا دەربڕی و رایگەیاند، رۆژئاوا هاوكاری و پشتیوانییە بەردەوامەكانی یەكێتی لەبیرناكات كە بەردەوام پشتیوانێكی راستگۆ و دڵسۆزی ئێمە بوون، بەتایبەت هێزەكانی دژەتیرۆر كە رۆڵێكی گرنگ و كاریگەریان لە سەرخستنی پرۆسە ئەمنی و سەربازییەكانی رۆژئاوا دژ بە داعش هەبووە و ئەمەش جێگای شانازیمانە.

‌‎لەبارەی هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و گرفتەكانی بەردەم پرسی كورد لە ناوچەكە، مەزڵوم كۆبانێ وتی، “هەموو هەوڵێكمان لەپێناو ئازادیی كورد و پاراستنی مافەكانمانە”.

‌‎لە بەرامبەردا سەرۆکی یەكێتی پەرۆشیی حزبەكەی بۆ چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەكان دووپاتكردەوە و رایگەیاند، هەموو هەوڵێك دەدەین تاوەكو گفتوگۆ بكەینە بنەمای چارەسەركردنی كێشەكان و زاڵبوون بەسەر ئەم دۆخەدا. وتیشی، “بەدڵنیاییەوە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ رۆژئاوا بەردەوام دەبێت و گەشەی زیاتری پێدەدەین. یەكێتی خۆی بە خزمەتكاری هەموو كورد دەزانێت، كوردبوون شانازیمانە و مانەوەمان پەیوەستە بە یەكبوون و یەكڕیزیمانەوە”.

‌‎ھەر لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی روونیکردەوە، یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی رۆژئاوا پاراستنی ماف، کەلتوور و زمانی کوردییە لە ناوچەكە و بۆ ئەمەش بەشانازییەوە پشتیوانتان دەبین. دەستپێشخەرییە نیشتمانییەكەی یەكێتیش لەپێناو یەكبوونی گەلی كورد و یەكگوتاریمانە لەبەرامبەر پرسە چارەنووسسازەكان و پاراستن و بەدیهێنانی مافەكانمان. دەمانەوێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دۆستەكانمان پەیوەندییەكی تەندروستمان هەبێت و ئاشتی و تەبایی بنەمای پەیوەندییەكانمان بێت، ئەمەش میراتی سەرۆك مام جەلالە و ئێمەش درێژەپێدەری دەبین.

لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا بافڵ جەلال تاڵەبانی گەیشتە رۆژئاوای كوردستان و جگە لە دیداری لەگەڵ مەزڵوم كۆبانێ، بڕیارە چەند دیدارێكی دیكەی گرنگی سیاسی و سەربازی لەو بەشەی كوردستان ئەنجامبدات.

17ی ئەم مانگە سەرۆكی یەكێتی لە رێوڕەسمی پێشوازیكردن لە تەرمی شەهیدی فەرماندە ئاكام عومەر وتەیەكی پێشكەشكرد و رایگەیاند، “كاك ئاكام یەكێك لەوانەبوو كە توانی وابكات یەكێتی بگەڕێتەوە سەر رێبازەكەی جەنابی مام جەلال، ئەو یەكێتییەی كە ئەمڕۆ دەتوانێت یارمەتی عێراق بدات، یارمەتی كوردستانی عێراق بدات، ئینشائەڵا بە پشتیوانیتان یارمەتی خوشك و برایانمان بدات لە هەر چوار پارچەی كوردستان”.

بابەتی پێشتر

رۆژێك پشوو راگەیەندرا

بابەتی دواتر

سەرچاوەیەك بۆ ئێستا: هێرشی ئەلیكترۆنی دەكرێتە سەر ماڵپەری شەفافییەت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share